قەدەغەکردنێکی دیکە بۆ ژنان لە ئەفغانستان
حکومەتی تاڵیبان چوونە ناو پارکە گشتییەکانی پارێزگای بەلخی بۆ ژنان قەدەغە کردووە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/09/20240919-20240918-2-jpg1a10cb-image-jpga4d334-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
١٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ، شێخ نور موحەمەد حەقانی، سەرۆکی حکومەتی تاڵیبان لە پارێزگای بەلخ نامەیەکی بڵاوکردەوە، کە کۆپییەکی دوێنێ ١٨ ئەیلوول لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ژنان لە هەوالێکدا باسی لێوەکرد و دەڵێت: لە ئەفغانستان چوونی ژنان بۆ ناو پارکە گشتییەکانی شاری مەزار شەریف قەدەغە کردووە و داوای لە ئەفسەرەکان کردووە ئەم فەرمانە جێ بە جێ بکەن.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەرپرسی بابەتی چاکە و خراپە لە نامەکەیدا بەرپرسانی پارکەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە، دوای ئەمە ڕێگە نەدەن ژنان بچنە ناو پارکەکانەوە.
دەقی نامەکە بەم شێوەیەیە:
"ئێستا بە پشتبەستن بە ڕێنمایی بەرپرسی بەشی چاکە و خراپەی پارێزگای بەلخ و گوێگرتن لە سکاڵاکانی پارێزگای بەلخ سەبارەت بە ڕاپۆرتە بەردەوامەکان و دروستکردنی پشێوی لە پارکەکانی ناوەندی ئەم پارێزگایە، بەپێی ڕێکارەکانی بەشی خۆشگوزەرانی گشتی و قەدەغەکردن و گوێگرتن لە سکاڵاکانی پارێزگای بەلخ دوای ئەم بەروارە، هاتنە ناوەوەی ژنان بۆ ناو پارک و ناوچەکانی ناوەندی ئەم پارێزگایە قەدەغە کرا".
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پێشتر و پێش ئەم فەرمانە، بەرپرسانی پارکەکان شوێن و کاتی دیاریکراویان بۆ چوونە ناو پارکەکە دیاریکردبوو، کە بەم فەرمانە ئەوەیشیان لێ قەدەغەکرا. بارودۆخی ژنان بە هاتنی دەوڵەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕۆژ بە ڕۆژ زەحمەتتر دەبێتەوە و گۆڕەپانەکە بۆیان بەرتەسکتر دەبێتەوە، حکومەتی تاڵیبانیش زۆر سنووردارکردنیان بۆ ژیانی ژنان داناوە و تەنانەت چوونە هۆڵەکانی وەرزش و ئارایشتگا و پارکە گەشتیارییەکان و چەندین شوێنی دیکەشیان قەدەغە کردووە.