راپۆرتێک: دەبێت دەستبەجێ دەستگیرکراوان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ئازاد بکرێت
ناهید نەقشبەندی، توێژەرى ئێران و ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی ڕاپۆرتێکی لە بارەی دوو ساڵ لە دەستپێکردنی سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادیی" بڵاوکردەوە، تیایدا داوا دەکات، دەسەڵاتی دادوەری، دەستگیرکراوان ئازاد بکات و دادگای دادپەروەرانە بەڕێوەببات.
ناوەندی هەواڵ
ناهید نەقشبەندی، توێژەرى ئێران و ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی ڕاپۆرتێکی لە بارەی دوو ساڵ لە دەستپێکردنی سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادیی" بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، کە دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە دەستگیرکردنی دەیان ئەندامی خێزانەکان و هەڕەشیان لێکردوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو کەسانەى دەستگیرکراون بە تۆمەتی هەڵبەستراو لەسێدارە دراون یان زیندانی کراون، هەروەها ئێران بەردەوامە لە بێدەنگکردنی چالاکوانان و پێشێلکردنی مافەکانی کەسوکاری دەستگیرکراوان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ناهید نەقشبەندی تیشکی خستووەتە سەر کارەکانی لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، داواش کراوە دەستبەجێ ئەندامانی دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات و دادگاییەکی دادپەروەرانە و پرۆسەی دادوەری شەفاف بۆ هەر کەسێک کە تۆمەتبارکراوە بە تاوانێک دەستەبەر بکات.
جێی ئاماژەیە، هەفتەی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی خێزانی زانیار ئەبوبەکر کە لە خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادیی" لە مهاباد تەقەی لێکرا و گیانی لە دەستدا، لەو هەڵکوتانەدا، برا تەمەن ١٦ ساڵانەکەیان دەستگیرکرد، هاوکات لە ١٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ژینا ئەمینی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی ئەشکەنجەدانی لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاقی ئێرانەوە لە تاران گیانی لەدەستدا و دوا بەدوای ئەوە ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران دەستی پێکرد و سەدان کەس لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیر کران و سزای زیندانی و سێدارە و سەرپێچییان بەسەردا سەپێنرا.