بەربەستەکان ناناسێت و کار بۆ پاڵپشتی ئەو کەسانە دەکات کە خاوەن پێداویستی تایبەتن

 گوڵناز ئیبراهیم لە قامیشلۆ کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، چیرۆکی خەباتی خۆی گێڕایەوەو وتی: مرۆڤەکان باڵیان هەیە بۆ ئەوەی بفڕن بۆ سەرکەوتن، دەرفەت بۆ بەهرەکانیان دروست بکەن.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- کاتێک مرۆڤەکان هەوڵ دەدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ئەوا ئاستەنگەکان بێکاریگەری دەمێننەوە، گوڵناز ئیبراهیم ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵە و خەڵکی شاری قامیشلۆی سەر بە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، خاوەن پیداویستی تایبەتە، بەهۆی هەڵەیەکی پزیشکی لە سەردەمی منداڵیدا قاچی لەدەستداوە، بەهۆی بارودۆخی خۆیەوە، هەموو ئەو سەختییانەی لە ژیانیدا تێپەڕیون، خۆی بەهێز کردووە و بەرەو سەرکەوتن ڕۆشتووە.

 

"بۆ مافی هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تێدەکۆشم"

گوڵناز ئیبراهیم, سێ جار بووەتە پاڵەوانی کێشی قورسی سووریا، وەک چالاکوانی مەدەنی داوای مافی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتی کردووە و ئەزموونی ژیانیشی دەهێنێتە بەر باس، لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کۆمەڵگە بە چاوی کەم سەیری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات و وتی: ئەوان وا بیر دەکەنەوە کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ناتوانن بجوڵێن، کار بکەن یان خێزان دروست بکەن و ناتوانن شتی باش بدەن بە کۆمەڵگە, لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە ئەمڕۆ داوای مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکەم چونکە من یەکێکم لەوانە، دەزانم چەندە بەدەست ئازار و ناخۆشی لە کۆمەڵگەدا دەناڵێنن، بەهۆی ناڕەزایی کۆمەڵگە، سەختییەکان دوو هێندە دەبن، دەمانەوێت کۆمەڵگەکەمان بگۆڕێت، ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕاپۆرتکردنی چیرۆکەکانمان و ئەو ئازارانەی کە تووشی دەبین.

 

"هەستم بە جیاوازی دەکرد"

 گوڵناز ئیبراهیم بە خەمبارییەوە پرۆسەی منداڵی خۆی لە تێڕوانینە نەرێنییەکان بەبیرهێنایەوە و وتی: تا ئێستاش ساڵانی سەرەتای ژیانم لەبیر نییە، کە چوومە قوتابخانە تێگەیشتم کە من وەک هاوڕێکانم نیم، بە قسە ئازارم دەدەن، زۆر ئازارم چەشت، چونکە ساڵانی پێشوو دەرفەتی وەک ئەمڕۆ نەبووە.

 

قبوڵکردنی کەسایەتی خۆت و دەستپێکردنی گەشتی سەرکەوتن

 دوای ئەو پڕۆسەیە، گوڵناز ئیبراهیم بڕیاریدا لەگەڵ کەسایەتی و بارودۆخی خۆیدا ڕێکبکەوێت و دەست بە خەباتی خۆی بکات و وتی: ئەمە ڕاستی من بوو و ناچار بووم بەپێی ئەوە ڕەفتار بکەم،  پێداگریم زیاتر بوو، وتم نابێت وەک هەموو کەسێک بم و لە خاوەن پێداویستییە تئاستەنگدارییەکەم هێز دروست بکەم، زانکۆ دەرچووم، لە شام لە زۆرێک لە کۆمەڵەی مافخوازان بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت کارم کردووە، گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە دەتوانین زۆر شت بکەین، هەر بۆیە پێویستە شوێنەکانی بڕیاردان و کۆمەڵگە ڕێگە بۆ ئەم کەسانە بکەنەوە کە بتوانن بەشداری ژیان بکەن،

 

 "لەناو خۆبەڕێوەبەری بۆ پشتگیریکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خەباتم کرد"

 گوڵناز ئیبراهیم ڕایگەیاند، دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەرفەتی ئەوەی پێبەخشیوە کە کارەکانی بە تایبەتی بۆ پاڵپشتیکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجام بدات و لە کۆتاییدا وتی: ماوەیەکە لێرە کاردەکەم، دەبینم ئەم کارە بەتەواوی لەگەڵ پەیامەکەمدا دەگونجێت، هەروەها دەتوانین بەشداری لە دامەزراوەکاندا بکەین، هیوای من ئەوەیە هەمووان داوای مافەکانیان بکەن.