هێزەکانی ئیسرائیل کۆمەڵکوژی لە کامپی نوسیرەت ئەنجام دەدەن

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە کامپی نوسیرەت لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە بە تایبەتی لە کامپی نوسیرەت ئەنجامدا و لەو ماوەیەدا توانیان ٤ دیل ئازاد بکەن و بە زیندووی بیانهێننەوە.

 

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە دوێنێ هێزەکانی ئیسرائیل ئەنجامیاندا، کۆمەڵکوژییەکی لێکەوتەوە و زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

 

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەو هێزە ئیسرائیلییە هێزێکی شانەی ڕزگارکردنی بارمتە ئەمریکییەکان یاوەری بوون و تەواوی هێزەکە بە ئۆتۆمبێلێکی فریاگوزاری چوونەتە ناو کامپەکەوە.

 

ڕاستەوخۆ دوای ئازادکردنی ئەو زیندانیانە، لە ڕێگەی بەندەری ئەمریکاوە گواسترانەوە بۆ ئیسرائیل، هەندێک وڵات ئەو کۆمەڵکوژییەیان شەرمەزار کرد کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە نوسیرەت ئەنجامدراوە.

 

بەهۆی ئەو هێرشەوە، نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا پڕ بوو لە برینداران و تەرمی گیان لەدەستداوان کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی قەرەوێڵە و پێداویستی پزیشکی سەرەتایی لەسەر زەوی نەخۆشخانە دانران و بێ چارەسەر ماونەتەوە.

 

هەروەها بۆردوومانەکەی هێزەکانی ئیسرائیل دەوروبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسایان لە دێر بەلاش کردە ئامانج، وتەبێژی نەخۆشخانەکەش ڕایگەیاند، بەهۆی سەختی بارودۆخەکەیان و نەبوونی پزیشک، ژمارەیەکی زۆر لە بریندارەکان مەترسی مردنیان لەسەرە.