چالاکوانانی مافی ژنان ڕەخنە لە لابردنی تاڵیبان لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکانی کازاخستان دەگرن
کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مافی ژنان ڕەخنەیان لە کردەوەی قاسم جومارت توکایف، سەرۆکی کازاخستان گرت بۆ لابردنی تاڵیبان لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکانی ئەو وڵاتە و بە "گۆشەگیری" لە دژی خەڵکی ئەفغانستان و بە تایبەت ژنان ناویان برد.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ مریەم مەعروف ئاروین، بەرپرسی بزووتنەوەی "شەممە وەنەوشەییەکان" لە هەژماری ئێکس گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە وەک وەڵامێک بۆ لابردنی گروپی تیرۆریستی تاڵیبان لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکانی وڵاتی کازاخستان و ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرت و بە "زوڵم" لە دژی خەڵکی ئەفغانستان و بەتایبەتی ژنان ناوی برد و وتیشی: درەنگ یان زوو کازاخستان باجی پشتیوانی و متمانەکردن بە گروپێکی تیرۆریستی دەدات.
ئەو چالاکوانەی مافی ژنان بە توندی ئیدانەی لابردنی تاڵیبانی لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکان کرد و جەختی کردەوە، "ئەم کارەی کازاخستان تەنیا زوڵمێکی گەورە نییە بەرامبەر بە خەڵکی هەمیشە قوربانی و ئازارچەشتوو لە ئەفغانستان و بە تایبەت ژنان، بەڵکو زوڵمە بۆ سەر خەڵکی کازاخستانیش.
هاوکاتی مریەم مەعروف ئاروین، سەبارەت بە دوورخستنەوەی گروپی بناژۆخوازی تاڵیبان لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکان لەلایەن کازاخستانەوە، گولچەهرە یەفتەلی، یەکێکی دیکە لە چالاکوانانی مافی ژنانی ئەفغانی، لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: جیهان لە کاتێکدا دەیەوێت کار لەگەڵ تاڵیبان بکات، کە زیاتر لە ٩٠٠ ڕۆژە کچان ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە قوتابخانە.
گولچەهرە یەفتەلی ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی شەرعیەتدان بە تاقمی تیرۆریستی تاڵیبان دەدەن و دەشڵێت: بەداخەوە لەبری داکۆکی لە مافی ژنانی ئەفغانی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە بەرگریکردن لە مافی تیرۆریستان، چونکە ئەوان هەوڵی شەرعیەتدان بە گروپی تاڵیبان دەدەن و لە پێناو ئەم کارە و بنیادنانی ئەم گروپەدا، هەموو شتێک دەکەن.
٣ی حوزەیران قاسم جومارت توکایف، سەرۆکی کازاخستان لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ژوورەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ-CSTO ڕایگەیاند: بەمەبەستی پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری لەگەڵ ئەفغانستان، تاڵیبانی لە لیستی گروپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لابردووە.