بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیاوە ژنێک گیانی لەدەستدا
لە ئەنجامی هێرشی تورکیا بۆ سەر مەنبج ژنێک گیانی لەدەستداوەو ٥ کەسی دیکە برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامەو بەهۆی هێرشکردنە سەر مەنبج ژنێک گیانی لەدەستداو ٥ کەسی دیکە بریندار بوون.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی هاوار، لە شەوی ڕابردووەوە گوندەکانی مەنبج کەوتوونەتە ژێر هێرشی توندەوەو لە ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی سەربازی مەنبجدا هاتووە: سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی گوندەکانی ئەو کانتۆنەیان تۆپباران کردووە کە دانیشتووانی زۆریان تێدایە، بە چەکی قورس تۆپبارانیان کردووە، لە کاتژمێر ١٢ی شەو دەستی پێکرد و تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
گوندەکانی جات،، عەون دادات و تۆخار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مەنبج بە ٢٤ گولـلە هاوەن و تۆپ تۆپباران کران، گوندی دەنەنێ بە ٨ گولـلە هاوەن، گوندی سەیەدە بە ٥٩ گولـلە و گوندی یانلی بە ١٠ گولـلە کراونەتە ئامانج، جگە لەوەش گوندەکانی کاویکلی، قەرت وێران و ئەریمێ بە ٦٤ هاوەن تۆپباران کران و گوندی جیب مەخزوم لە ڕۆژئاوای کانتۆنەکە بە ٧ هاوەن تۆپباران کران.