فۆزا یوسف: مێژووی ئازادی لەسەر ئەم خاکە بە ئیرادەی ژن دەنووسینەوە
فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەیەدە، دووپاتی کردەوە کە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لاپەرەیەکی نوێیان لە مێژوودا کردووەتەوە و دەڵێت: هەنگاوێکی مێژووییان لەم پرۆسە هەستیارەدا ناوە، مێژووی ئازادی بە ئیرادەی ژنان لەسەر ئەم خاکە دەنووسینەوە.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١١ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، دوێنێ لە پارکی ٤ی نیسان کۆنگرەی ستار و ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا پلانەکانی خۆیان ڕاگەیاند و فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە گرنگی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕۆڵی ژنانی هەڵسەنگاند.
"لەسەر میراتی تێکۆشەران بەردەوامین لە ڕێپێوانی ئازادی"
فۆزا یوسف لە وتارێکدا لە میانی کۆبوونەوە جەماوەرییەکە وتی: ئەو ڕۆژەی ژنان بە ئیرادەی خۆیان کاندیدەکانیان هەڵدەبژێرن، ڕۆژێکی مێژووییە کە هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەی نوێ لەسەر ئەم خاکە دەنێین، ئەم دیارییە دەبەخشین بە هەموو شەهیدانی شۆڕش، هەر لە ئارینەوە، تا بێریتان، لە ساکینەوە، تا هیند، سێدا، هەڤرین، سارا و هەموو شەهیدانی ئازادی. پێیان دەڵێین ئەو میراتە، ئەو خەباتەی کە ئێوە درێژەتان پێدا، سەدان هەزار، ملیۆنان ژن ئەمڕۆ لە ڕێگای ئێوە بۆ بنیادنانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی و ئیدارەیەکی دیموکراسی، ئیرادەی خۆیان نیشان دەدەن. هەر بەو هۆیەشەوە ئەم ڕۆژە بۆ هەموو ژنانی جیهان و ئازادیخوازان و ژنانی تێکۆشەر و دایکانی شەهیدان و یەپەژە و گەریلاکانی ئازادی پیرۆز دەکەین کە لەسەر میراتی ئەوان درێژە بەم ڕێپێوانە ئازادییە دەدەین. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا هەموو ئەو ژنە سووریانەی کە ١٤ ساڵە بە فشارێکی زۆرەوە سەرکردایەتی ئەم خەباتە دەکەن و گەیاندوویانە ئەم ڕۆژە، ئاهەنگ دەگێڕین. ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ بنیادنانی خۆبەڕێوەبەری خۆمان، ئیدارەی دیموکراسیمان، بەهێز بە ئیرادەی ژنان، ئێمە وەک ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جارێکی تر مۆرکی خۆمان لەسەر مێژوو دادەنێین و هەنگاوێکی نوێ لەو شۆڕشەدا دەنێین، یەکەمجارە ژنان بە ناسنامەی سیاسی خۆیان، بە ئیرادەی خۆیان کاندیدەکانیان هەڵدەبژێرن و ئەمەش سەرکەوتنێکە کە ئێمە پێشکەشی هەموو ژنە تێکۆشەرانی جیهان دەکەین.
"ئەمڕۆ نەوەکانی زەنوبیا و عشتار پێکەوە بە یەک ئیرادە شۆڕشێکی نوێ ڕێکدەخەن"
فۆزا یوسف دووپاتی کردەوە کە مێژوو شایەتحاڵی خەباتی ژنانە لە دژی عەقڵیەتی دژە دیموکراسی و وتیشی: ژنان ئەمڕۆ سەرەڕای ئەو هەموو ئازار و دڕندەیی و کوشتن و ستەمکارییە سەرهەڵدەدەن، لە میزۆپۆتامیا ژنانی کورد و عەرەب و سووریانی هەزار ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی نان و شۆڕشی کشتوکاڵی و شۆڕشی ئەدەبییان هەڵگیرساند، جارێکی تر نەوەکانی عشتار و زەنوبیا بە دەنگ و هەڵوێست و ئیرادەیەکی هاوبەش پێکەوە شۆڕشێکی نوێ لەسەر ئەم خاکە هەڵدەگیرسێنن، جارێکی تر مێژوو شاهیدی ئەوەیە کە ژنانی ئەم خاکە تەسلیم نابن و خەبات دەکەن بۆ ڕزگارکردنی سیاسەت لە قۆرخکاری پیاوان، بە مەبەستی ڕزگارکردنی شارەوانییەکان لە عەقڵییەتی دژە دیموکراسی پیاوان.
"بە سەیرکردنی دڵ و مێشکی ژنان گۆڕانی ژیان ڕادەگەیەنین"
فۆزا یوسف لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە، جارێکی دیکە ئیرادە و پێداگریی گۆڕینی ژیان بە تێڕوانین و دڵ و هزری ژنان لە دژی سیستمی کۆلۆنیالیزم و پیاوسالاری و ئەو سیستمەی کە ژن لەبەرچاو ناگرێت ڕادەگەیەنن، وتیشی: ئێمە دەڵێین لاپەڕەی نوێی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە مێژوودا بە وشەی زێڕین دەنووسرێتەوە، ئێستا مێژووی کۆیلایەتی بەجێدەهێڵین و مێژووی ئازادی بە دەست و ئیرادە و هۆشیاری ژنان لەسەر ئەم خاکە دەنووسینەوە، بۆ ئەوەش ئێمە قەرزاری شەهیدەکانمانین، قەرزاری بریندارەکانمانین، چونکە ڕێگایەکیان بە شانازی و سەرکەوتنەوە نەخشاند، دەمانەوێت بە شەهیدان بڵێین ئەو ئاڵایەی هەڵیانکرد، ئاڵای ئازادی هەمیشە بەرز دەبێتەوە، ژنان بڕیاریان داوە لەسەر ڕێگای ئێوەوە درێژە بە تێکۆشان بکەن، هەمیشە ئاڵا لەسەر شانیان بەرز دەکەنەوە و ئەمڕۆ ژنان مزگێنی ژیانی نوێ دەدەن.