ئاگر لە قەیسەری کۆنی کەرکوک کەوتەوە و ١٠٠ دوکان و کۆگا سووتان
ئاگر لە قەیسەری کۆنی کەرکوک کەوتەوە، بەهۆیەوە لە چەند لایەکی بازاڕەکە نزیکەی ۱۰۰ دووکان و کۆگا سووتان.
ناوەندی هەواڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٩ی ئایار، ئاگر لە قەیسەریی کۆنی کەرکوک کەوتەوە، بەهۆیەوە نزیکەی ۱۰۰ دووکان و کۆگا سووتان، دووکاندارانی بازاڕەکە، بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، گومانیان لە سەرچاوەی ئاگرەکە هەیە.
بەپێی زانیارییەکان تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.
ئەو بازاڕە مێژووییەی كەركوك، ساڵی ۱۸٥٥ دروستکراوە و دەكەوێتە ناوەندی شارەكە، لە ۳٦۰ دوكان و ۱۲ كۆگا پێکهاتووە.
شەوی ۲٦ی تشرینی دووەمی ۲۰۱۸ گڕیگرت و لانیكەم ۲۲۰ دوكان بە تەواوی سوتان، هەر ئەوكات ڕێكخراوی تیكای توركی ئەركی نۆژەنكردنەوەی گرتەئەستۆو لە ساڵی ٢٠٢٠ كارەكانی كۆتاییهات، بەڵام نۆژەنکردنەوەکە کاردانەوەی لێکەوتەوەو هەرزوو هەست بەوەکرا دەوڵەتی تورک هەوڵی داگیرکردنی قەیسەرییەکە دەدات.
بازاڕی قەیسەری كەركوك، پێشتر سێ ساڵ جارێک لە گرانکردنی ئاشکرا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری کەرکوک، دوکانەکان بەکرێ دەدرانەوە، بەڵام ئێستا کراوە بە ساڵانەو لە ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەیەک کەسی نەناسراو لە باشووری عێراق بەشداریان لە زیادکردنە ئاشکرایەکەدا کرد و ئەمەش ناڕەزایەتی لەلایەن دوکاندارەکانەوە لێکەوتەوە.