زیاتر لە ٣٧ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە لافاو لە پارێزگای سۆماترای ئەندەنوسیا لانیکەم ٣٧ کەسی کوشتووەو گەڕان بەدوای دەیان کەسی ونبوو بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
لافاو و ڕۆچوونی زەوی، دیاردەیەکی باوە لە ئەندەنوسیا لە وەرزی باران باریندا، ئەمەش زیانی بە موڵکی دانیشتوانەکە گەیاندووە و ڕێگاوبانەکانی وێران کردووە.
کاربەدەستانی ئەندەنوسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، بەهۆی لافاو و ڕۆچوونی زەوی لە پارێزگای سۆماترای ڕۆژئاوا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە زیاتر لە ٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوەو تیمەکانی فریاکەوتن هێشتا بەدوای ١٧ کەسی ونبوودا دەگەڕێن.
سەرۆکی تیمی فریاکەوتنی ناوخۆیی وتی: بارانێکی زۆر کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر پارێزگاکەی گرتەوە بووە هۆی لافاو و لێشاوی گڕکانێکی سارد کە تێکەڵەیەکە لە خۆڵەمێشی گڕکانی و پاشماوەی بەرد و ئاو کە وەک قوڕ دەڕوات لە سێ ناوچەی پارێزگای سۆماترای ڕۆژئاوا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاربەدەستان نزیکەی ٤٠٠ تیمی فریاکەوتنی ناوخۆیی و پۆلیس و سوپایان بڵاوکردەوە بۆ گەڕان بەدوای کەسانی ونبوو.
بارانێکی زۆر وای لە دانیشتوان کردووە بەدوای پەناگەی فریاکەوتندا بگەڕێن و دەسەڵاتدارانی ناوخۆ پەناگەیان کردووەتەوە بۆ فریاکەوتن لە چەند ناوچەیەکی هەردوو پارێزگاکە.
لە ئاداری ٢٠٢٣دا لافاو و ڕۆچوونی زەوی بووە هۆی گیان لەدەستدانی بەلایەنی کەمەوە ٢٦ کەس لە دوورگەی سۆماترای ڕۆژئاوا، هەروەها بەهۆی تەقینەوەی گڕکانەکەی مارابی لە کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ٢٤ کەس گیانیان لەدەستدا.