٨ی ئایار؛ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە و هۆشیارکردنەوە دژی شێرپەنجەی هێلکەدان

هەموو ساڵێک لە ٨ی ئایار، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی هێلکەدان، هۆشیاری جیهانی بۆ ئەم نەخۆشییە کوشندەیە بەڕێوە دەبرێت، چونکە پیشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٤٠ ژمارەی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە زیاد بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

شێرپەنجەی هێلکەدان هەشتەمین باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا و هەشتەمین هۆکاری گیان لەدەستدانی ژنانە، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی هێلکەدان لە ئاسیا و ئەوروپا زیاترە لە وڵاتانی دیکە.

 

ڕۆژی جیهانی شێرپەنجەی هێلکەدان لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن کۆمەڵێک سەرکردەی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە شێرپەنجەی هێلکەدان لە سەرانسەری جیهاندا دامەزراوە، لە کاتێکدا هاوپەیمانی جیهانی شێرپەنجەی هێلکەدان لە زۆر بەرەدا کار دەکات، ڕۆژی جیهانی شێرپەنجەی هێلکەدان دەستپێشخەرییەکی سەرەکییە بۆ بەرزکردنەوەی

 

لە ساڵی ٢٠١٨دا، هاوپەیمانی جیهانی شێرپەنجەی هێلکەدان نزیکەی ٣٠٠ هەزار حاڵەتی شێرپەنجەی هێلکەدانی لە سەرانسەری جیهاندا خەمڵاندووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، شێرپەنجەی هێلکەدان بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ١٨٥ هەزار کەس، هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە تا ساڵی ٢٠٤٠ زیاد بکات.

 

بەڵام ژنان دەتوانن هەنگاو بنێن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی هێلکەدان، ئەو ژنانەی ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە ٣٠ خولەک وەرزش دەکەن، مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی هێلکەدان بە ڕێژەی ٢٠% کەم دەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی جەستەییەوە چالاکن، پێویستە ژنان ئەو خۆراکانە بخۆن کە ڤیتامین D و Aیان زۆرە،هەروەها ئەو ئافرەتانەی شیر بە منداڵەکانیان دەدەن مەترسی تووشبوونیان بەم جۆرە شێرپەنجەیە کەمترە.

 

بەپێی پسپۆڕانی تەندروستی، تەنها ئەو ژنانەی نیشانەکانی شێرپەنجەی هێلکەدانیان هەیە پێویستە پشکنینیان بۆ بکرێت. ئەم نیشانانە بریتین لە:

 

   - لەناکاو هەستکردن بە تێربوون لە کاتی خواردندا

    -ئازار و ناڕەحەتی لە ناوچەی سکدا

    -پێویستی بەردەوام بۆ میزکردن

   - گۆڕانکاری لە خووی ڕیخۆڵەدا

    دابەزینی کێش

    -ماندووبوونی زۆر

   -خوێنبەربوونی نائاسایی بەتایبەتی لە کاتی سوڕی مانگانە یان دوای سوڕی مانگانە

 

ئەو ژنانەی ئەم جۆرە نیشانانەیان هەیە، یان ئەوانەی مێژووی خێزانی شێرپەنجەی هێلکەدانیان هەیە، پێویستە سەردانی پزیشک بکەن.