پۆلیس هێرشیان کردە سەر ستۆدیۆکانی ستێرک تیڤی و مەدیا هابەر

پۆلیسی بەلجیکا هێرشی کردە سەر ستۆدیۆکانی ستێرک تیڤی و مەدیا هابەر.

ناوەندی هەواڵ

 

درەنگانی شەوی ڕابردوو پۆلیسی بەلجیكا هەڵیكوتایە سەر باڵەخانەكانی تەلەفزیۆنی ستێرك تیڤی و مەدیا خەبەر، پۆلیسەكان دەستی پاسەوانەكانی كەناڵەكەیان بەست و بە زۆر خستیانە سەر زەوی و دەرگاكانیان شكاند و چوونەتە ناو ستۆدیۆكەوە و ئامێرەكانی ناو ستۆدیۆكەیان تێكشكاند.

 

کەناڵەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکەن، پۆلیس بۆ ماوەی نزیكەی چوار كاتژمێر لەناو باڵەخانەكەدا مانەوە و دواتر ستۆدیۆكەیان بەجێهێشت، دەستیان بەسەر كۆمپیوتەر و كەرەستەی تەكنیكی كەناڵەكاندا گرت، چەندین كەرەستەیان لە ناوبرد و تاڵانیان كرد، هەروەها هەموو كێبڵەكانی پەخشی بڕی و پەخشی كەناڵەكانی ڕاگرت.

 

لە كاتی هێرشەكەی پۆلیسدا تەواوی ئەو ناوچەیەی گەمارۆدرا، كە كەناڵەكانی لێ بووە، زیاتر لە ٢٠٠ پۆلیس بەشدارییان لە هێرشكردنە سەر كەناڵەكاندا كردووە، پۆلیسەكان دەمامكی جلوبەرگی سادەیان لەبەردا بوو.

 

ئەم هەڵکوتانانە بۆ سەر ستۆدیۆ تەلەفزیۆنییەکان هاوکاتی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی و دوای سەردانەکەی دوێنێی تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوو بۆ بۆ هەرێمی کوردستان.

 

"ئەمە شێوازێکی هێرشی نێودەوڵەتییە"

دەستەی پشتیوانی تەلەفزیۆنی ستێرک تیڤی و میدیا هابەر سەبارەت بەو هەڵمەتانە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "لەم دواییانەدا هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو شێوازە دەدرێت کە دەوڵەتی تورکیا بۆ جینۆسایدی کورد ئامادەی کردووە، سەردانەکەی تورکیا بۆ ئەمریکا و عێراق و ئێران و هەروەها واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ پەدەکە، هاوکاتی سەردانی ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق و بارزانی، نیشانەکانی کۆتایین بۆ جێبەجێکردنی ئەم شێوازی جینۆسایدە"

 

ڕوونە کە ئەم شێوازە شێوازێكی هێرشی نێودەوڵەتییە، هێرش بۆ سەر ستۆدیۆکانی هابەر میدیا و ستێرک تیڤی لە بەلجیکا کە شەوی ٢٣ی نیسان لە نزیکەی کاتژمێر ٠٢:٠٠ی شەودا، نیشانەیەکی ڕوونی ئەم هێرشەیە، ئێستا تەلەفزیۆنەکانمان لەلایەن سەدان پۆلیسەوە داگیرکراون. بەم هێرشە دەیانەوێت دەنگی گەلی کورد ببڕن، بەڵام نابێت ئێمە لە دژی ئەم دەستبەسەردا گرتنە بێدەنگ ببین.

 

ئێمە داوا لە گەلەکەمان دەکەین ڕێگری لەم نادادپەروەری و لەشکرکێشییە نایاساییە بکەن و ڕوو لە شوێنی تەلەفزیۆنەکان بکەن.

 

جێی ئاماژەیە كەناڵی Stêrk TV و Medya Haber TV دوو كەناڵی كوردین و ماوەی چەندین ساڵە لە ئەوروپا بە شێوەیەكی پیشەییانە كاری خۆیان دەكەن، بەڵام هەندێك جار و لە هەندێك وڵاتی بە ناو دیموكراسی هێرش دەكرێتە سەریان و زیانی ماددیی زۆر بە كەناڵە كوردییەكان دەگەیەنرێت.