"فشارەکان بۆ سەر چالاکوانانی مانگرتوو، خواست و خۆڕاگرییان تێکناشکێنن"

دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" خۆپیشاندەران و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی فشار بوونەتەوە، لەوانە چەندین بانگهێشتکردن بە بیانووی جۆراوجۆر، بەڵام هێشتا بەردەوامن لە بەرخۆدان هەتا ئازادی بەدەستدەهێنن.

نەسیم محەمەد خوا‌هـ

 

ورمێ-ژنان و چالاکوانان پێشەنگایەتی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان کرد کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و لە هەموو چالاکی و خۆپیشاندانەکاندا ئامادەبوون، بەڵام دەسەڵاتداران هەوڵیان دا ترسیان لا دروست بکەن بە بانگهێشتکردنیان و هەڕەشەیان لێکردن و تۆمار کردنی سکاڵای یاسایی لە دژیان.

 

بە فشارخستنە سەر ئەو خۆپیشاندەرانەی کە ڕۆڵی پێشەنگیان لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەدا وەرگرت، دەسەڵاتدارانی ئێران ئامانجیان ڕێگریکردن بوو لە کۆبوونەوەکان، بەڵام ژنان جەختیان لەوە کردەوە دەسەڵاتداران چەند فشاریان لەسەر بکەن، ناتوانن پێشکەوتنەکانیان بوەستێنن.

 

"چەند جارێک هەڕەشەیان لێکردم"

گیلا.ر ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دوای کۆبوونەوەکان لە شارە جیاوازەکان، ڕۆژێکیان کاتێک لە خوێندنگە دەگەڕایەوەو، دروشمی ڕاپەڕینیان دەوتەوە  پیاوێکی تەمەن مامناوەند بە نهێنی وێنەیانی گرتووە، دوای نزیکەی هەفتەیەک، هەواڵگری تەلەفۆنیان بۆ باوکی کرد و داوایان لێکردووە بچێت، دواتر دایک و باوکی ڕازی بوون بڕۆن بۆ ئەوەی هێرش نەکەنە سەر ماڵەکەیان، وتی: لەگەڵیان چووم و دوای ئەوەی گەیشتین، دوو کاتژمێر چاوەڕێمان کرد و دواتر بردیانین بۆ یەکێک لە ژوورەکان و لەو ژوورەدا پیاوێک چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردم و داوای زانیاری دەربارەی هاوڕێکانم و قوتابخانەکەم کرد.

 

وتیشی: لێکۆڵەرەوەکە پێی ڕاگەیاندم کە من پیشەنگایەتی ڕێپێوانەکان دەکەم و فۆڕمێکیان پێدام لەگەڵ زانیاری کەسی خۆم و ناوەکەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دواتر هەوڵیان دا فشارم لێبکەن بە هەڕەشەکردن بۆ ئەوەی ڕێگریم لێبکەن لە خوێندن و دۆسیەیەکیان لە دژم تۆمارکرد، لە کۆتاییدا داوایان لێکردم ببم بە زانیاریدەر بۆیان، بەڵام بە توندی ئەم بابەتەم ڕەتکردەوە و وتم ئامادەم بۆ سزادان و حەزم لە هەڕەشە نییە، بۆیە چەند جارێک هەڕەشەیان لێکردم بەوەی منیان هێنایە بەردەم دادگا و لە خوێندنگە دەریانکردم.

 

سەرەڕای هەڕەشەکان بەردەوام بوو لە چالاکی

لە لایەکی دیکەوە، مامۆستا ش.م کە چەند جارێک بانگهێشتکرابوو، ئاماژەی بەوەکرد دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە بیانووی پابەندنەبوون بە حیجابی زۆرەملی، بانگ کرام بۆ ئاسایش و دوای ئەوەی ڕۆیشتم وێنەیەکی چاپکراوی پۆستێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دامنابوو لەبەردەمم داندرا و ئەفسەری ئاسایش دەستی کرد بە هەڕەشەکردن و داوای لێکردم ڕوونکردنەوە بدەم، بەرگریم لە خۆم کرد و دواتر هەڕەشیان کردو مۆبایلەکەیان دەرهێناو وتیان پەیوەندی بە بەشی هەواڵگری دەکەن بۆ ئەوەی دەستگیرم بکەن، هەروەها هەڕەشەی دەرکردنی لێکردم و دوای نیو کاتژمێر کاغەزێکی پێدام و داوای لێکردم واژۆی بکەم، کە چیتر هیچ چیرۆکێک بڵاو نەکەمەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پاشان چوار جار بانگکرام بۆ ئاسایش و هەر جارێک هەڕەشەیان لێکردم کە هەر چالاکییەکی بچووک کێشەم بۆ دروست دەکات.

 

ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای بانگهێشتکردنەکان، ڕازی نەبووە بە هەڕەشەکان و بەردەوام بووە لە چالاکییەکانی و بەشداریکردنی لەگەڵ مامۆستایانی دیکە لە گفتوگۆ لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکانی وەک پێویستی گۆڕانکاری لە بارودۆخی ئێستادا، ئامانجمان ئەوە بوو کە نەوەی نوێ ئازادی خۆی بەدەست بهێنێت.

 

سارینا،ه چالاکوانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە کاتی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی ساڵی پاردا دەستگیرکرا، وتی: بەیانیەک، کاتێک لە ماڵەوە بووم، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم بە بیانووی پشکنینی پێوەری گازەکە، ژمارەیەک پیاو و ژنێک لە شوێنێکی نەناسراودا منیان گرت و بۆ ماوەی ڕۆژێک لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ بەڵگەیەک نەبوو تۆمەتبارم بکات، نەیانتوانی هیچ شتێک بسەلمێنن و ڕۆژی دواتر دوای پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکە ئازادکرام، لەو کاتەوە ٥ جار بانگکراوم، زۆرجار چەند ڕۆژێک پێش ساڵیادی ڕاپەڕینە گشتییەکان یان بۆنەکانی وەک نەورۆز بانگکردنەکان دەکرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە وتی: لە ماوەی بانگهێشتنامەکەدا ڕاستەوخۆ پێیان وتم کە دەبێت ئێران بەجێبهێڵم یان هیچ چالاکییەک ئەنجام نەدەم و لە هەندێک حاڵەتدا هەوڵیان دا بە پرسیاری بەئامانجکراو شەرمەزارم بکەن، بەڵام هەڕەشەکانی کوشتن و دەستدرێژی زایەندی هیچ ترسێکم لا دروست ناکات، هەندێک لە هاوڕێکانم بە بیانووی جۆراوجۆر بانگکراون، یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانم ناچار کرا بچێتە ئەوروپا.