چالاکوانێکی سیاسی: پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕ تاکە هێڵی ژیانە

غەززەل ئەلناتور، چالاکوانی سیاسی جەختی لەوە کردەوە پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل تاکە هێڵی ژیانە بۆ ئازادکردنی هەموو ژنانی فەڵەستینی لە زیندانەکان.

نەغم کەراجە

 

غەززە- لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە٧ی تشرینی یەکەمەوە، هەوڵە دیپلۆماسییە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە دانوستاندن بۆ ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕ لەسەر بنەمای ئازادکردنی ئەو زیندانییە ئیسرائیلییانەی کە حەماس لە کەرتی غەززە دەستگیری کردوون، لە بەرامبەر ئازادکردنی هەموو ئەوانەی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا دەستگیرکراون.

 

حەماس ڕایگەیاند ، "هەموو زیندانییەکان ئازاد دەکرێن"، واتە ئازادکردنی هەموو زیندانییە فەڵەستینییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییە ئیسرائیلییەکان، بەڵام هێشتا نیشانەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن هێشتا چاوەڕوانکراون.

 

غەززەل ئەلناتور، چالاکوانی سیاسی فێمێنیستی پشتیوانی لەو پێشنیارە کرد لە بەرژەوەندی ئەو ژنە زیندانییە فەڵەستینییانەی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی و ئەشکەنجە دەبنەوە وتی: پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتنە سەرکەوتنێکە بۆ پرسی فەڵەستینییەکان و بڕیارێکی بنەڕەتییە، چونکە زیندانییەکان هێشتا ڕووبەڕووی توندترین جۆری توندوتیژی دەبنەوە بەبێ چاودێریکردن لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە.

 

"سیاسەتی داگیرکەر بە مرۆڤایەتی سەیری ژنانی زیندانیکراو ناکات"

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ژنانی بەندکراوی فەڵەستینی بەپەلە ئازاد بکرێن بەهۆی ئەو بارودۆخە تەندروستی و دەروونییانەوە کە بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، سیاسەتی داگیرکەر بە مرۆڤایەتی سەیری ژنانی زیندانیکراو ناکات، بەڵکو لووتبەرزی و توندوتیژییەکانی لە دژیان زیاد دەکات و جۆرەها شێوەی هەڕەشەکردن لەسەریان ئەنجام دەدات، ئەمەش پێشێلکردنی هەموو پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

 

بەپێی ئامارەکانی ئەم دواییانە، دەرکەوتووە کە زیاتر لە ١٧٠ منداڵ لەناو زیندانەکانی ئیسرائیلدان و ٣٩ زیندانی فەڵەستینیش لە زیندانەکاندا لە دۆخێکی سەختدان، گەورەترینیان مەیسون موسایە کە لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە دەستگیرکراوە و بۆ ماوەی ١٥ ساڵ زیندانی کراوە، هەروەها لە لیستەکەدا شۆروق دوەیات و شاتیلا ئەبوعەیادە بوون کە سزای ١٦ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنسرا، وە عەیشە ئەفغانی بە ١٣ ساڵ زیندانی سزادرا و ڕایگەیاند کە ٤ زیندانی لە ڕووی ئیدارییەوە دەستگیرکراون: ڕەغد فنی، سەماح عەوز، حەنان بەرغوسی و حەنان ئەبو شەلال.

 

غەززەل ئەلناتور ئاماژەی بەوەدا، ئەم ڕێککەوتنە یەکەم ڕێککەوتنی لەو جۆرە نییە کە ئازادکردنی هەموو زیندانییە فەڵەستینییەکانی لەخۆگرتبوو لە ساڵی ٢٠٠٨ دا، دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل لەسەر غەززە، ڕێککەوتنێکی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەرکەوتوو بوو کە تیایدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە بۆ سەلماندنی بارودۆخی سەربازێکی ئیسرائیلی دەستگیرکراو لە بەرامبەر ئازادکردنی ٢٠ زیندانی فەڵەستینی، لەنێویاندا ١٩ زیندانی لە کەناری ڕۆژئاواوە و یەکێکیان لەگەڵ منداڵەکەی لە کەرتی غەززە.

 

"ژنان کراونەتە ئامانج"

ڕوونیکردەوە، ژنان بەشێکی تەواو لە پێکهاتەی فەڵەستینییەکانن و بەهۆی سیاسەتە سیستماتیکییەکانی ئیسرائیلەوە تاڵی و ناخۆشییان تام کردووە و زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و بە ئامانج گیراون، سەرەڕای ئەو ئەرکە قورس و جۆراوجۆرانەی کە لەسەر شانیان ئەنجامیان دەدەن، ڕۆڵی خەباتی خۆیان بە تەواوی و بە هەموو شێوەیەک گێڕاوە، وای لێکردوون لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە بچەوسێندرێنەوە و دەستگیر بکرێن.

 

ئاماژەی بەوەدا کە پاڵەوانێتی زیندانییەکان پێویستی بەوە هەیە دۆسیەکانی ئازادکردنەکەیان بخرێتە نێو ئەولەویەت و مەرجی بەرخۆدانی فەڵەستینییەکانەوە لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییە ئیسرائیلییەکاندا، چونکە بارودۆخی ژنان زۆر هەستیارە و لەگەڵ سیاسەت و سیستمی ئیسرائیلدا ناگونجێت کە پێشێلی ماف و کەرامەتیان دەکات و بە مەبەست بە شێوەی جۆراوجۆر زیانیان پێدەگەیەنێت، هەموو زیندانییە فەڵەستینییەکان لە زیندانە داگیرکراوەکاندا بە هۆکاری ساختە و بێ بنەما دەستگیرکران، بەڵام خێزانەکانیان لە ئەنجامی خەبات و خۆڕاگرییانەوە هاتن و پێویستە هەموو کۆمەڵگە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بجوڵێن بۆ ئازادکردنیان.

 

"لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە تایبەتمەندییەکانیان سنووردارکراوە"

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە دەستگیرکراون و دەیانخەنە زیندانەکان و سنووردارکردنی تایبەتمەندی و ئازادییەکانیان بەهۆی کامێراکانی چاودێرییەوە کە لە هەموو شوێنێک بڵاوبوونەتەوە،  جگە لە بێبەشکردنیان لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، نەبوونی کۆنترۆڵی تەندروستی و دانانیان لە خانەکاندا کە شایستە نین بۆ ژیان تێیدا.

 

وتیشی: پێویستە کۆمەڵێک زیندانی دەستبەجێ ئازاد بکرێن بۆ چارەسەری بەدواداچوون دوای ئەوەی بارودۆخی تەندروستییان خراپتر بوو، لە ئەنجامی ئەوەی ئیسرائیل بە مەبەست دەرمانەکانیانی ڕەتکردەوە بۆ ئەوەی بە هێواشی بەرەو مەرگیان ببەن، ئیسرا ئەلجەعابیس، زیندانییەک، خراپترین حاڵەتە کە پێویستی بە چارەسەر و نەخۆشخانە هەیە، لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ دەستگیرکرا، دوای ئەوەی ئاگرێک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا کەوتەوە کە بووە هۆی سوتانێکی زۆر لە لەشیدا، جگە لە شێواوی لە ڕووبەری دەموچاو و پشتەوە و نەمانی زۆربەی پەنجەکانی، ناتوانێت هیچ ئەرکێک لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەنجام بدات، و پشکنینە پزیشکیەکان ئەوەیان دەرخست پێویستە بەپەلە ٨ نەشتەرگەری بۆ چاوەکانی ئەنجام بدات.

 

ڕێکخراوەکە ئیدانەی کردارە سیستماتیکییەکانی ئیسرائیل و سیستمی ڕێوشوێنە زۆرەملێکانی دژ بە زیندانییە ژنەکان کردو وتی: ئەشکەنجە و گۆشەگیری و توندوتیژی لەناو زیندانەکاندا ڕوودەدات پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و هەموو پەیماننامەکانی مافی مرۆڤە، بەتایبەتی چوارەمین پەیماننامەی جنێڤی ساڵی ١٩٤٩، هەروەها پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری دژ بە ژنان لە ساڵی ١٩٧٩ دا، سەرەڕای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کە پاراستنی ژنانی بەندکراو دابین دەکات.

 

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕەکە هێڵێکی ژیان دەبێت بۆ زیندانییە فەڵەستینییەکان و دەربازبوون لەو سیاسەتە سیستماتیکی و پێشێلکارییانەی لە دژیان ئەنجام دەدرێن، هەموو پێداچوونەوەکان و هەڵوێستەکانی هاوسۆزی و دانیشتنەکان کە چەندین ساڵە ئەنجام دەدرێن هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە و سوپای داگیرکەر هێشتا لە بڕیارە زاڵەکانیدا بەبێ ڕەچاوکردنی بارودۆخی سەختی زیندانییەکان و هیچ ڕێگایەک نییە بۆ یارمەتیدانیان جگە لە پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتنە و فشارەکانی وڵاتانی عەرەبی.