مامۆستایانی وانەبێژ لە قەڵادزێ بەردەوامن لە داواکارییەکانیان

مامۆستایانی وانەبێژ لە قەڵادزێ گردبوونەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت دەرگای هۆڵەکانی خوێندن ناکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە دووھەفتەیە مامۆستایانی وانەبێژى قەڵادزێ بەردەوامن لە بایکۆتى دەوام و ئەمڕۆ لەناو پارکی شار لە قەڵادزێ گردبوونەوە و دواتر بە ڕێپێوان چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەی پشدەر.

لە گردبوونەوەکەدا وەڵامی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پەروەردەیان دایەوە، کە لە ٣ی تشرینی یەکەم بڵاویکردەوە و تیایدا هاتبوو مووچە مافێکی بنەڕەتی مامۆستایانە و ئێمە سوپاسی دڵسۆزیان دەکەین، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتیی پەروەردە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە کە بە زووترین کات دەست بکرێتەوە بە دەوامکردنی ناوەندەکانی خوێندن.

 

مامۆستایان ئاماژەیان بەوەکرد، ئەوە دەبێتە ١٠ ساڵ ئەم دەسەڵاتە بێ پلان و شکست خواردووە بە پاساوی جۆراوجۆر و ناڕاستەوخۆ، بەوپەڕی بێویژدانیەوە لەگەڵ زیادکردنی باج و گرانکردنی نرخی پێداویستییەکان، مافە هەرە سەرەتاییەکانی مامۆستایانی زەوت کردووە.

 

مامۆستایان داوایانکرد، وەزارەتی پەرەردە پێش ناردنی داواکاری بۆ مامۆستایان، بە هەمان نەفەس و پەرۆشیەوە داواکاری بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەمی وەزیران بنووسێت، بۆ چارەسەری گرفتەکانی مامۆستایان، هەروەها حکومەت چیتر پڕۆسەی خوێندن نەکات بە قوربانی بێپلانی و خەمساردیان.