لە سێ ساڵی ڕابردوودا سەدان کەس لە عێراق بە ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستداوە
لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ ھەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراوە و سەدان کەسیش گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٩ ھەزار و ٦٠٠ ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە هەبووە، لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٣١ ھەزار ڕووداو و لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی ٣٢ ھەزار و لەم ساڵیشدا تائێستا ١٩ ھەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە و ئەو ئامارەش ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق لەو ساڵانەی دیاریکراون لە فەرمانگە حکومییەکان، کۆگا بازرگانییەکان، نەخۆشخانە و یەکەکانی نیشتەجێبوون و زەوییە کشتوکاڵییەکان ڕوویانداوە و جگە لە زیانە مادییەکانیان، سەدان کەسیش بەھۆی ئەو ئاگرکەوتنەوانە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.