دۆخی ئەمنی باڵی بەسەر شاری سنەدا کێشاوە و هێرش بۆ سەر ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان دەکرێت
دوابەدوای پەیوەندییەکانی کۆمەڵێک چالاکوان، شاری سنە بەتەواوەتی خراوەتە ژێر باری دۆخی ئەمنی و شەوی ڕابردووش ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەک بە گولـلە دەستدڕێژی لێکرا.

سنە
ئەمڕۆ، دوابەدوای بانگەوازی کۆمەڵێک چالاکوان بۆ ناڕەزایەتی سەرتاسەری، شاری سنە پڕ بوو لە هێزی ئەمنی، گۆڕەپانی ئازادی و کۆڵانەکانی بەرەو شەقامە سەرەکییەکان لەلایەن ئەفسەرەکانەوە بە ئۆتۆمبێلی دەوریە کۆنترۆڵ کراون، ح.م. شایەتحاڵێکە و باسی لەوەکرد، شەوی ڕابردوو لە گۆڕەپانی نەبوت، لەگەڵ خێزانەکەی لە ئۆتۆمبێلدا بوون، پۆلیسی مەدەنیی بە ئۆتۆمبێل بە دوایدا ڕۆشتوون و تەقەیان لێکردووە، کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزیوە، بە باتووم هێرشیان کردووەتەسەر و ناچاربووە ڕابکات.
گۆڕەپانی نەبوت هەر لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە ئاگری شۆڕشی بە داگیرساری هێشتووەتەوە و کۆنترۆڵی زیاتر لە شەقامەکەدا هەیە.