شەپۆلی گەرما ڕووی لە ولاتانی ئەوروپا کردووە

تا هەفتەی داهاتوو شەپۆلی گەرمای باشووری ئەوروپا بەردەوام دەبێت و هیچ نیشانەیەکی کەمبوونەوەی نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیتاڵیا و ئیسپانیا و یۆنان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکە پلەی گەرما تێیاندا بەرز بووەتەوەو وەزارەتی تەندروستی ئیتاڵیا ئاگادارییەکی سووری بۆ ١٦ شار دەرکرد لەوانە ڕۆما، بۆلۆنیا و فلۆرێنس، حکومەتی ئیتاڵیا ئامۆژگاری هەموو ئەو کەسانەی کردووە لەو ناوچانەی کە ئاگادارییە سوورەکانی ڕۆژی شەممەیان تێدایە خۆیان بەدووربگرن لە تیشکی خۆر بە تایبەتی ئاگاداری بەساڵاچووان بن.

 

پێشبینی دەکرێت شەپۆلی گەرما تا هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت وخزمەتگوزاری کەشوهەوای ئیتاڵیا ڕایگەیاند ساردینیا لە ناوەندی شەپۆلی گەرمای هەفتەی داهاتوو دەبێت، کە پێشبینیکەرانی کەشوهەوا بە چارۆن ناوی دەبەن، بە ناوی ئەو کەشتیوانەوە کە ڕۆحی گەیاندە جیهانی ژێرزەوی لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا.

 

جولیۆ بێتی، زانای کەشناسی ئیتاڵی و پسپۆڕی کەشوهەوا ئاماژەی بەوەکرد، پلەی گەرما لە نێوان ١٩ بۆ ٢٣ی تەمموز دەگاتە لوتکە، نەک تەنها لە ئیتاڵیا بەڵکو لە یۆنان و تورکیا و باڵکان. لەوانەیە لەو ڕۆژانەدا چەندین تۆماری گەرمی ناوخۆیی لەو ناوچانەدا بشکێندرێن.