سلێمانی، ناوەندی "ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد" دەکرێتەوە

سبەی لە مەراسیمێکی بەرفراواندا، ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد دەکرێتەوە، کە بەرهەمی خەباتی ژنانی شۆڕشگێرە و ناوەندێکە بۆ کۆکردنەوەی ئەرشیفی ژنانی کورد.

ناوەندی هەواڵ

 

سبەینێ، ٢٤ی مانگ، سەعات ٥ی ئێوارە لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی لە مەراسیمێکدا ناوەندی "ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد" دەکرێتەوە، کە یەکەم پەرتوکخانەی ژنانی کوردە، بەرهەمی نووسەرانی ژنی تیادا کۆبکرێتەوە.

 

دەستەی بەڕێوەبەری پەرتوکخانەکە، بانگهێشتی ژنانی نووسەر، ڕۆشنبیر، چالاکوان، هونەرمەند و سەرجەم توێژەکان کراوە، بەشداری مەراسیمی کردنەوەی پەرتوکخانەکە بکەن و داوا دەکەن، "بە هێنانی بەرهەمێکی ژن، یان بەرهەمێک لە بارەی ژن، مەڵۆیەک بخەنەر سەر خەرمانی مێژووی ژن.

 

لە بانگهێشتنامەکەدا دەستەی بەڕێوەبەری پەرتوکخانەکە، ئاماژەیان بەوەداوە بە دروشمی "خەونەکانمان، بە گواستنەوەی خەرمانی یادەوریمان بۆ ئایندە و بە نووسینەوە، تۆمار کردن و بەشکردنی مێژوو، دەگەینە حەقیقەت"، ناوەندی "ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد" دەکەنەوە، تا ببێتە ناوەندێک کە مێژووی ژن و ناسنامەکەی تیادا پارێزراو بێت.

 

لە ئامادەکاری بۆ کردنەوەی ناوەندەکە، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بە هاوکاری ڕێکخراو و ناوەندەکانی ژنان لە باشووری کوردستان خەباتێکی بێ وچانیان بەڕێوەبردووە، لەو پێناوەشدا بە گیانی ژنان قوربانی بۆ دراوە، وەک ناگیهان ئاکارسەل، ناسراو بە "زیلان"، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، کە چەندین ساڵ لە باشووری کوردستان و بە تایبەت لە سلێمانی هەوڵی کۆکردنەوەی ئەرشیفی ژنانی کوردیدا و ڕەنجێکی بێ پایانی دا، تا دواجار لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورک و بە هاوکاری سیخوڕی تیرۆر کرا.