تەندروستی هەرێم بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تای خوێنبەربون ڕێنمایی نوێ دەردەکات

وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون ڕێنمایی نوێی دەرکرد و دەڵێت، سەربڕینی ئاژەڵ لەماڵان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کە ئاڕاستەی تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی هەرێم کراوە، تیایدا هاتووە،  سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و سەربڕین تەنها لە شوێنی ڕێپێدراو دەبێت، دەبێت قەسابەکان پابەندبن بە لەبەرکردنی خۆپاراستن بەتایبەتی دەستکێشی لاستیک و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و خوێنەکەی بەشێوەی تەواو، لە کاتی سەرپێچی بە توندی سزا دەدرێن.  

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای سەربڕینی ئاژەڵ دەبێت شوێنەکە پابکرێتەوە، بە بەکارهێنانی گیراوەی کلۆر و بەکارهێنانی فاست، هەروەها بەهەمان شێوە دەبێت کەلوپەلی بەکارهاتو پاکبکرێتەوە.

 

هەروەها داوا لە هاوڵاتیان کراوە گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێگەپێدراو بکڕن و دەستکێش لەدەست بکەن و ئاگاداربن دەستیان هیچ بریندارنەبێت و تەختەی لەت لەتکردنی گۆشت جیاوازبێت، پاشان شوێنی لەتکردنەکە بە باشی پاکبکرێتەوە.