شەیما سادق: ١١ پلانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا دەستپێكردووە

بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، عێراق ١١ پلان جێبەجێدەکات كە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢٠٣٠ جێبەجێدەكرێن و یەکێکیان وەبەرهێنانە لە وزەی نوێبوونەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەیما سادق، سەرۆكی بەشی بەڕێوەبردنی كوالێتی لە وەزارەتی كارەبا، لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ١١ پلان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا دەستپێكراوەو تێیدا تیشك خراوەتەسەر زانینی قەبارەی پیسبوون، بۆ ئەوەی ساڵانە زیانەكانی وزە بزانن و زۆرترین لایەنە خراپەكانی ببینن ئەوەش لەپێناو گۆڕینی بۆ بەكارهێنانی وزەی نوێبووەوە .

 

زیادکردنی ڕێژەی سەزایی یەکێکە لە پلانەکان

ئاماژەی بەوەشكردووە، پلانەكان بریتین لە دەستپێكردنی هەڵمەتەكان بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە وڵاتدا، بەتایبەتی لە ئێستا مەترسی زیادبوونی ڕێژەی بیابانییەكان هەیە، بۆیە دەبێت ئاڕاستەكردنێك هەبێت لەلایەن هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانەوە، لە چوارچێوەی دەستپێشخەری نیشتمانیدا بۆگۆڕانكاری بەرەو ناوچەیەكی سەوز.

 

ڕوونیشیكردەوە، یەكێكی دیكە لە پلانەكان بریتین لە وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە بە بڕی ٧٥٠٠ مێگاوات، هەروەها كەمكردنەوەی ڕێژەی دەردانی كاربۆن بە ڕێژەی لە ٢% لە ڕێگەی پاڵپشتیی نیشتمانی و ١٥% لە ڕێگەی پاڵپشتی نێودەوڵەتییەوە، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢٠٣٠ جێبەجێدەكرێن.

 

شەیما سادق ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم پلانانە دەبێتە هۆی ئەوەی لیژنەی دەستپێشخەری نیشتمانی بۆ پاڵپشتیكردنی وزەی نوێبووەوە و كەمكردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی، قەبارەی پیسبوون و بڕی كەمكردنەوە بزانێت كە بەدەست دێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕە پارەیەك بۆ دەستپێشخەری نیشتمانی خەرج دەكرێت بە مەبەستى پشتگیریكردن و جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی، كە پەیوەندییان بە سنوورداركردنی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا هەیە.