پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد
شەوی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کرد.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٣، پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسەند کرد و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد، بەپێی پڕۆژەیاساکە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سنووری پارێزگاکە و یەکە کارگێڕییەکانی دەستنیشان دەکات.
دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە، شەوی ڕابردوو ٢ی نیسان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوەی هەوڵی دواخستنی درا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە کرا.
ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەم ماددانە پێکهاتووە:
ماددەی یەکەم، شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە پارێزگا و دەبێتە ١٩یەمین پارێزگای کۆماری عێراق و ناوەندی پارێزگاکەش شاری هەڵەبجە دەبێت.
ماددەی دووەم، لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێویستە سنووری یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دیاری بکات.
ماددەی سێیەم، لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە بڕگەکانی ئەم پڕۆژەیاسایە جێبەجێبکەن.
ماددەی چوارەم، ئەم پڕۆژە یاسایە لە ڕۆژی دەرچوونی لە ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی جێبەجێدەکرێت.
هەڵەبجە لە شارۆچکەیەک و چوار شارەدێ پێکهاتووە، کە شارۆچکەی ناوەندی هەڵەبجە و شارەدێکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروانن.
هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە قەدەغەکراوترین چەکی کیمیایی هێرشی کرایەسەر و بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٥ هەزار کەس شەهید بوون، دوای ٣٥ ساڵ، سیمای ئەو شارە نەبووەتە خەمڕەوێنی خەڵکەکەی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهانیش وەک پێویست ئاوڕیان لە هەڵەبجە نەداوەتەوە.