ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی  پێویستە پاراستنی ژنان لە توندوتیژی و هەڵاواردن چڕبکرێتەوە

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا جەخت لە توندوتیژی دژی ژنان کراوەتەوە، وەک کێشەیەکی جیهانی مافی مرۆڤ و دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستانیش هەڵدەسەنگێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٢/٢٠٢٣ بە ناونیشانی "لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا" بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ساڵی ٢٠٢٢ شایەتی سەرهەڵدانی ململانێی نوێ، نوێبوونەوەی ململانێ کۆنەکان، یان بەردەوامبوونی ململانێ درێژخایەنەکانی تر بووە، کە کارەساتی ترسناک و خەمباری لێکەوتەوە، هەندێکیان دەگەنە تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی، هەروەها لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان دەسەڵاتداران بە شێوەیەکی دڕندانە ئازادییە گشتگیرەکانیان سەرکوت کرد".

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە قەیرانە ئابوورییەکان بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراک و سووتەمەنی و زیادبوونی فشار لەسەر خزمەتگوزارییە تەندروستیی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و گەورەترکردنی نایەکسانی لێکەوتووەتەوە، ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتەسەر پرسەکانی مافی مرۆڤ، ئاوارەبوونی زۆرەملێ، توندوتیژی و جیاکاری.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا باسی ئازادی لە وڵاتی ئێران و تورکیا کراوە

ڕاپۆرتەکە ڕەخنە لە سەرکوتکردنی توندوتیژیی ڕژێمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەرانی دژە حکومەت و هەوڵەکانی پەکین بۆ ترساندنی ناڕازییان بە توندوتیژی و هەڕەشە دەگرێت و ئاماژەی بەوەداوە، کە وڵاتی تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی مافی مرۆڤ و ئازادی تێدا پێشێل دەکرێت.

 

سەبارەت بە توندوتیژیی جێندەری و مافی سێکسی و زاوزێ، ڕاپۆرتەکە سەرنجی ڕاکێشاوە بۆ ئەوەی کە توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان تا ئێستاش کێشەیەکی جیهانییە بۆ مافەکانی مرۆڤ، وە هەندێک کردەوەی توندوتیژی لە چوارچێوەی شەڕی چەکداریدا ڕوویانداوە، بەڵام زۆربەی ئەم کردەوانە لە کاتی ئاشتیدا ڕوویانداوە و لە چوارچێوەی خێزانیدا بوون.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەسەر پێویستی حکومەتەکان دەکاتەوە کە هەنگاوی هەمەلایەنە بن بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی ڕەگەزیی کە لە کۆمەڵگەدا چەسپاوە و دژی ژنان و کچان ئەنجامدەدرێت، بۆ پاراستن و پاڵپشتیکردنی قوربانیان و کۆتاییهێنان بە بێ سزایی بۆ ئەنجامدەرانی تاوانە پەیوەندیدارەکان، پێویستە هەموو ئەو وڵاتانەی بەردەوامن لە تاوانبارکردنی لەباربردن چاکسازی لە یاساکانی لەباربردنیان بکەن بۆ دڵنیابوون لە ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە لەباربردن و چاودێری دوای لەباربردن بەبێ جیاکاری یان زۆرەملێ، لە هەمان کاتدا ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی زاوزێیان و مافەکانی تری مرۆڤ.

 

لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی توندوتیژی لە بەرزبوونەوەدایە

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا باس لە هەرێمی کوردستان کراوە و تێیدا هاتووە، "ڕۆژی ٦ی ئاب کاتێک فەرمانبەران دژی دواکەوتنی موچەکانیان خۆپیشاندانێکی هێمنانەیان ئەنجامدا، هێزە ئەمنییەکان بە گوللـەی پلاستیکی و گازی فرمێسک ڕێژ هێرشیان کردنە سەر و چەندین ڕۆژنامەنووس و چالاکوانیان دەستگیرکرد، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش چەندین کەس بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە "داعش" دەستگیر دەکرێن، کە  لەنێویاندا گەنج هەن و سزای زیندانی درێژخایەن و لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت، هەندێک جار ئەوە نیگەرانی جدی دروستدەکات و گومان دەکرێت لەژێر ئەشکەنجەدا دان  بەو تۆمەتانەدا بنێن، کە ئاڕاستەیان دەکرێت.

 

هەروەها لەبارەی توندوتیژییە خێزانییەکان و کوشتنی ژنان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، لە هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن توندوتیژی و کوشتنی ژنان لەلایەن پیاوانی پلە یەکی خێزانەکانیان ڕوو لەزیادبوونە، بەپێی ئاماری ڕێکخراوێکی ژنان (ئاماژە بە ناوەکەی نەکراوە)، لەنێوان مانگی کانوونی دووەم تا ئادار، ١٦ ژن کوژراون، کە لەنێویاندا کچێکی تەمەن ١٥ ساڵان هەیە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.

 

ئاماژە بەوەش دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم تائێستا نەیانتوانیوە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە لەو تاوانانە ئەنجام بدەن، زۆربەی کاتیش لەژێر ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی و ئادابی گشتی هەوڵدەدرێت قوربانییەکان تاوانبار بکەن، کە لەو نێوەندەشدا پێگەکانی پەیوەندیکردن (فەیسبوک و ئینستگرام..هتد) کاراکتەری سەرەکین.