دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دروشمی یاری کۆتایی "جامی ژینا"

یارییەکانی "جامی ژینا" بە ئامادەبوونی بەرچاوی ئەو ژنانەی کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان لەسەر یاریگای تۆپی پێ نووسیبوو، کۆتایی هات.

ناسکە بایەزید

 

ڕەبەت- دوێنێ، ١٨ی ئادار، یاری کۆتایی "جامی ژینا"، لە گوندی سیسەری سەر بە شەهرستان لە پارێزگای ڕەبەت لە ئێران، لە نێوان تیپەکانی "زینگ نستان" و "قەڵای سەیسەر"، لە ژێر دروشمی "ژن، ژیان ئازادی" بەڕێوەچوو

 

یارییەکە لە شاری ڕەبەت بۆ یادکردنەوەی ژینا ئەمینی و بڵاوکردنەوەی کولتووری وەرزش لە کۆمەڵگەدا و بە ئامادەبوونی بەرچاوی ژنان بەڕێوەچوو، کە جەختیان لەسەر پێویستی گۆڕانکاری کردەوە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن مافەکانیان بەدەستبهێنن، پەیوەندی بەهێزی نێوان وەرزش و ئازادی، و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان وتەوە، کە بووەتە ڕەمزی ڕاپەڕینی جەماوەری.

 

هانا ئیسماعیلی چالاکوانی مەدەنی، کە بۆ بینینی یاری کۆتایی چووەتە گوندی سیسەر، ڕایگەیاند، جامی تۆپی پێی ئەمساڵ جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو و مەبەست لێی ڕێزگرتنە لە ناوی "ژینا" و ڕاپەڕینی جەماوەری، هەرچەندە بوونی ژنان لە یاریگاکانی ئێران تا ئێستا قەدەغەن، بەڵام لێرەدا دەبینین ئامادەبوونی زۆری ژنان هەبووە و بە وتنەوەی دروشمی ڕاپەڕین، ئامادەبووان پێویستی کۆمەڵگەیان بۆ گۆڕانکاری و پێدانی مافەکانیان بۆ ژنان ڕوونکردەوە.

 

سیران مەحمودی کە لە گوندی نەستانەوە ئامادەی یارییەکە بوو، وتی: ئێمە بۆ سەیرکردنی یارییەکە هاتووین بۆ سیسەر، سیسەر و ناستان دوو گوندی گەورەی ئەم ناوچەیەن، ئەوەی ئێمەی ژنانی ڕاکێشا بۆ ئەوەی ئەمساڵ سەیری ئەم یارییە بکەین، ناوی "ژینا ئەمینییە"، ئێمە زۆرمان حەزدەکرد لە نزیکەوە سەیری یارییەکە بکەین، چاوەڕێمان نەدەکرد زۆرێک لە ژنان بێن بۆ سەیری یارییەکە و دروشمی "ژن، ژیان ئازادی" لەسەر یاریگا بنووسن، بۆ ئێمە ئەمە دووپاتکردنەوەیەک بوو بۆ بەردەوامبوون لە خەباتی ئازادی.

 

فاتمە موسا زادە، یەکێک لەو ژنانەی خەڵکی گوندی سیسەر کە خەریکی ئامادەکردنی خواردن بوو بۆ ئامادەبووان، وتی: سەردانکەران زۆرن کە هاتبوون بۆ بینینی یارییەکە، ژمارەیان نزیکەی دوو هەزار کەس بوو، ئێمە لەواشە و دۆ و دۆکوڵیومان ئامادەکردووە، گەنجان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلانیان دانابوو سەیری ئەم یارییەی تۆپی پێ بکەن، بەڵام ئەمساڵ یارییەکە ژنانیش بەشداریان تێدا کرد.

 

وەرزش وەک چالاکیەکی گروپی بۆ بەرەوپێشبردنی ئازادی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەکاردێت، جگە لە جوڵەی زیاتر، ئەم چالاکییانە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هاودەنگی لە یارییە تیمییەکان بەهێزتر دەکەن، هەروەها وەرزش و یارییەکان کاریگەرن بۆ پاراستنی تەندروستی دەروونی و جەستەیی، بە گشتی وەرزش وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ باشترکردنی بارودۆخی کۆمەڵگە بەکاردێت.