مانگرتنی ناوەندەکانی خوێندن لە ڕۆژهەلاتی کوردستان

دایکی خوێندکارێکی مهابادی دەڵێت: دەیانەوێت منداڵەکانمان بخنکێنن، چونکە ئەم نەوەیە بناغەکانی سیستەمەکەیان هەژاندووە.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- قوتابخانە و زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ئاساییکردنەوەی بەرپرسان و ڕەتکردنەوەی بەڕێوەبەران بەبێ ئامادەبوونی قوتابیان دەستیان بە خوێندن کردەوە.

 

دوابەدوای هێرشە بایۆلۆجییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوە پەروەردەییەکان و بەشەناوخۆییەکان، دایکان و باوکان ڕەتیانکردەوە منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانەکان و خوێندکاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو هێرشانە نەچوونە پۆلەکانەوە، لە بەرامبەردا زۆرێک لە بەرپرسان ڕەتیدەکەنەوە هێرشی بایۆلۆجی بۆ سەر قوتابخانەکان بکرێت.

 

گەلاوێژ مەحمودی، مامۆستای پۆلی دووەمی پیرانشارە، دەڵێت: دۆخەکە بۆ قوتابیان زۆر شڵەژاوی و ترسەکە زۆرتر بۆ منداڵانە، من ٣٥ خوێندکارم هەیە و ئەو ڕۆژەی هەواڵی هێرشە کیمیاییەکان بۆ قوتابخانەکان بڵاوبووەوە، وایکرد لەناو خوێندکاراندا دەنگەدەنگ و ترس و گریان دەستپێبکات.

 

سەبارەت بە بێتوانایی قوتابخانەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی منداڵان، دەڵێت: قوتابخانە توانای دڵنیابوون لە سەلامەتی قوتابیانی نییە، هەروەها مامۆستایان و ستافی مامۆستایانیش هەر وەک منداڵان لە مەترسیدان، ئێمە ڕێگەمان پێنەدراوە وانەکان ڕابگرین، بەڵام وەک مامۆستایەک بانگهێشتی سەرجەم قوتابیان و دایکان و باوکان دەکەین بۆ مانگرتن لە دژی ئەو تاوانانە، هەروەها پاڵپشتی ئەم مانگرتنەش دەکەین.

 

ڕوناک مەجیدیان، دایکی یەکێک لە خوێندکارەکانی مهابادە و دەڵێت: جگە لە کۆماری ئیسلامیی منداڵکوژ کێ ڕێگە بەو جۆرە دڕندەییانە بەرامبەر ئەم منداڵانە دەدات؟ ئەگەر کاری گروپێکی ترە بۆ تاوانبارانی نادۆزنەوە! دوێنێ منداڵەکانمان لە قوتابخانە بران و خرانە زیندانەوە، ئەمڕۆش دەیانەوێت بە خنکاندنیان ببەن، چونکە ئەم نەوەیە بناغەکانی ئەم سیستەمە دەلەرزێنن.

 

لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکاتەوە: "منداڵەکانم نانێرم بۆ قوتابخانە تاوەکو حکومەت لێپرسینەوە نەکات، بەڵام ڕێگە نادەم لە خوێندنیان دوابکەون، ئێمەش لە ئێستاوە بیر لە بەدیلێک دەکەینەوە بۆ قوتابخانەکانی وەک قوتابخانە و مامۆستای ئەهلی و ئەم مانگرتنە ناشکێنین.