قوربانیانی بوومەلەرزە لە ئەنتاکیا: هاوکارییەکان بەرەو کوێ دەڕوات؟

ژنانی ئەنتاکیا باسیان لە سەختییەکانی دوای بوومەلەرزەکە کرد و وتیان، پێداویستییەکانیان وەک جلوبەرگ و شوێنی حەوانەوە و خواردن دابین نەکراوە، "ئەو هاوکارییەی دێن بەرە کوێ دەبرێن؟"

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

هاتای- دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کە ناوەندەکەی شاری مەڕەش بوو، خەڵکی ئەنتاکیا پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان بۆ دابین نەکراوە، ئاوی پاک نەماوە و لەو شوێنانەی کە ئاوی لێیە هۆشداری لە نەخواردنەوەی دەدرێت، بەشێک لە هاوڵاتیان بەهۆی بارودۆخەوە ناچاربوون شارەکانیان بەجێبهێڵن و ڕووبکەنە گوندەکان.

 

لە شاری ئەنتاکیا پێویستی سەرەکی بە ئاو و چادر و پێداویستی ژیانی هەیە، ئەو کەسانەی ماڵەکانیان بەشێکی ماوەتەوە، دەچن و پێداویستییەکانیان دەردەهێنن، باس لەوەش دەکەن، لە ناوچەکەدا هیچ شتێک بۆ خەڵک نەکرا و هاوکارییەکانیشیان بەدەست نەگەشتووە.

 

"تەنانەت نەمتوانی چادرێک بەدەستبهێنم"

سەڤگی کرات ژنێکی ئەنتاکیایە و تا ئێستا چادرێکی نەدراوەتێ، بەڵکو لەلایەن خۆبەخشەکانەوە چادرێکی دەستییان بۆ دروستکردووە، وتی: سێ ڕۆژ بێ خواردن و خواردنەوە ژیاین، منداڵەکانمان بە کێک پەروەردە کرد، بەڕاستی هیچ یارمەتیەکمان بەدەست نەگەشت و چادرەکەش زۆر ساردە، بۆچی بارهەڵگرەکان نایەن؟ ئەگەر هاوکارییان بڵاوکردووەتەوە، بۆچی بە یەکسانی بەسەر هەمووان دابەش ناکرێت؟ ئێمە لێرەدا زۆر ئازار دەچێژین، هاوڕێ میهرەبانەکانمان زۆرێک لە پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردووین. هەوڵ دەدەین بە جۆرێک بژین، کە هاتمەوە ئێرە، چوومە هەموو بنکەکان و داوای چادرم کرد، هەرچەندە دوو منداڵەکەمیان بینی، تەنانەت نەمتوانی چادرێکیش بەدەستبهێنم، ئەو شەوە لەناو ئۆتۆمبێلدا لە ژێر سەرمادا خەوتن.

 

سەردانەکان بێ ئەنجام بوون

مریەم موتلو ساین، یەکێک لە قوربانیانی بوومەلەرزەکە، ڕایگەیاند کە ناتوانن لەو شارە کۆنتێنەرەدا بمێننەوە کە لە هۆڵی گوندەکەدا دروستکراوە و بە وتنی "٢٦ ڕۆژ پێش ئێستا ڕوویداوە و تا ئێستاش چادرمان بۆ دابین نەکراوە"، باسی ئەو شتانەی کرد کە ماوەی چەند هەفتەیەکە ڕوویانداوە و وتی: دوو هەفتەیە بەسەر دروستکردنی شاری کۆنتێنەرەکاندا تێپەڕیوە، لەو ڕۆژەشەوە کە دروستکراوە، داواکاریمان بۆ جێگیرکردنی کۆنتێنەرەکان کردووە، بەڵام کەسانی پەیوەندیدار هەمیشە پێمان دەڵێن 'ئەمڕۆ بڕۆ و سبەی وەرەوە'، هەندێک خێزان لەوێ نیشتەجێ بوون، بەڵام ئێمە هێشتا نیشتەجێ نەبووین. ناو و ژمارەیان لە ئێمە وەرنەگرت، نازانین چادرەکان بەرەو کوێ دەبرێن، ناتوانین لە چادر و کۆنتەینەردا بمێنینەوە.

 

"ئاوی پێویستیان بۆ دابین نەکردین"

مریەم موتلو ساین ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگاداری بارهەڵگرەکان نین کە هاوکارییان هەڵگرتووە و نازانن هاوکارییەکان بەرەو کوێ دەبرێن، وتیشی: ئێمە خۆمان ستوونمان دانا و نایلۆنمان بەدەوریدا پێچایەوە، زستانە و باران دەبارێت، مایەی خۆشحاڵییە کە ١٥ ڕۆژە باران نەباریوە، ئێمە لە ڕووی نیشتەجێبوونەوە تووشی ئاستەنگی زۆر دەبین، لێرەدا هیچ چارەسەرێک ناکرێت، ئەو هاوکاریانەی کە دێن بە شێوەیەکی ناڕێکخراو دابەش دەکرێن، ئێمە کێشەی جددیمان هەیە لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و ئاودا، خاوەنداری لە گەلی ئێرە ناکرێت.