ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا ٤١ هەزار کەسی تێپەڕاند

ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریا ٤١ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن و گەڕان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربووان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ١٥ی شوبات، ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کە کوردستان، تورکیا و سوریای گرتەوە بۆ زیاتر لە ٤١ هەزار کەس بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تەرمی زیاتر لە ژێر داروپەردووەکان دەرهێنرانەوە، لەگەڵ کەمبوونەوەی هیواکان بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربووان دوای هەشت ڕۆژ لە کارەساتەکە.

 

بەپێی ئامارەکان، ژمارەی قوربانییانی باکووری کوردستان و تورکیا ٣٥ هەزار و ٤١٨ کەسی تێپەڕاند، و ژمارەی قوربانیانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا گەیشتە پێنج هەزار و ٨٠١ کەس، ٧ هەزار و ٣٩٦ کەسیش بریندار بوون، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن هێشتا بەردەوامە.

 

هەرچەندە زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر یەکەم بوومەلەرزە تێدەپەڕێت، کە ناوەندی بوومەلەرزەکە شاری مەڕەش بوو، هەروەک ناوەندی توێژینەوەی بوومەلەرزە لە زانکۆی بۆسفۆری تورکیا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٣ی شوبات ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٩ پلەی ڕێختەر بەر شارەکە کەوتووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر قوربانییەکان نییە.

 

دوێنێ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەو بوومەلەرزانەی تورکیای گرتەوە بە خراپترین کارەساتی سروشتی ئەوروپای لە ماوەی سەدەیەکدا پێناسەکرد و دەشڵێت: هێشتا هەوڵدەدەین قەبارەی کارەساتەکە و تێچووی ڕاستەقینەی بزانین، چاکبوونەوە لەم کارەساتە کات و هەوڵێکی گەورەی دەوێت.