یەکێتی ژنان ٥٠ کارتۆن پێداویستییان پێشکەشی کەمپینی "هانا" کرد

لە درێژەی هاوکاریکردنی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، یەکێتی ژنانی کوردستان ٥٠ کارتۆن پێداویستییان پێشکەشی کەمپینی هانا کرد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ چوارەم ڕۆژە لە کارگەی جگەرەکە لە شاری سلێمانی کەمپینی "هانا" بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و یەکێتی ژنانی کوردستان ٥٠ کارتۆن هاوکاریان پیشکەشی کەمپینەکە کرد، کە زیاتر لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی پێکهاتبوو.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کنێر عەبدوڵا، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە وەکو یەکێتی ژنانی کوردستان هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەو کارەساتە دڵتەزێنەی لە ٦ی شوبات ڕووبەڕووی خەڵکی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بووەوە.

 

ئێمەش بە ئەرکێکی نیشتیمانیمان زانی هاوکارییان بکەین لە ڕووی مرۆیەوە، ئەوەی لە تواناماندا بێت و زیاتر پێداویستی ژنان، منداڵان، خواردنی سەرەتایی و پێداویستی پزیشکیمان دابینکردووە، هیوای چاکبوونەوە بۆ بردیندارەکان دەخوازین و هیوادارین بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر ژیانی خۆیان".

 

"ژنان پێشەنگن لە بەدەمەوەچوونی کەمپینەکان"

لەنیا عەلی، ئەندامی یەکێتی ژنان لەبارەی هاوکارییەکانی یەکێتی ژنانی کوردستانەوە وتی: ئەمڕۆ کۆمەڵێک کەرەستەمان هێناوە بۆ کەمپینی هانا، هەرچەندە سادەن بەڵام گرنگن بۆ ژیان، لە ڕووداوێکی لەم شێوەدا پێویستە خەڵکی پارچەکانی تری کوردستان هاوکاری بکرێن، وەک هەمیشەش ژنان پێشەنگن لە بەدەمەوە چوونی کەمپینەکان و هاوکاریکردنیان.