ڕژاک: هاوکاری گەلەکەمان بکەن و چاوەڕێی دەوڵەت مەبن

ڕژاک پەیامێکی هاوخەمی بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان نارد و باسی لەوەکرد، بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی سیستەمی بیناسازی گەلەکەمان ڕووبەڕووی ئەو دۆخە دژوارە بوونەتەوە، داواکارین هاوکاری بکەن و چاوەڕێی دەوڵەت مەبن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی دوێنێ، ٦ی شوبات، کە ناوەندەکەی شاری مەڕەشی باکووری کوردستان بوو و زۆرینەی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە و کارەساتی گەورە و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، کوردان هاوخەمی خۆیان دەربڕی و کەمپەینی کۆمەک و هاوکاری ڕاگەیەندرا.

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، پەیامی هاوخەمی خۆی و بانگەوازی بۆ بەهاناوەچوونی کوردان بڵاوکردەوە و داوای کرد، چاوەڕێی دەوڵەت نەبن و هاوکاری لێقەوماوان بکەن.

 

دەقی پەیامی هاوخەمی ڕژاک بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان؛

 

وەکو ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان پرسە و هاوخەمی خۆمان بۆ گەلەکەمان ڕادەگەیەنین لە باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە کە ڕوویداو ژمارەیەکی زۆر بوونە قوربانی و برینداربوون، گیانی قوربانیان شاد و ئارام بێت و هیوای زوو چاک بوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین و بەهیواین زوو ساڕێژبن.

 

بەهەموو سۆز و هاوخەمیەوە خەمباربووین بۆ ئەو بارودۆخە، لەگەڵ ئازارەکانی گەلەمانین، هاوسۆزیانین.

 

بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی سیستەمی بیناسازی گەلەکەمان ڕووبەڕووی ئەو دۆخە دژوارە بوونەتەوە، چۆن دەکرێت بزانن شارەکان لەسەر ڕێڕەوی بوومەلەرزەن و ڕۆچوونی زەوین، بەڵام کەمتەرخەم بن و خەڵک نەپارێزن، یان سیستەمی نیشتەجێ بوون و بیناسازی لەسەر بکرێتەوە و سیستەمێک نەبێت بۆ ئەو دۆخە.

 

ئێستە گەلەکەمان پێویستیان بە هاوکارییە لە هەموو بوارەکان و پێداویستییەکان داوا لە گەلەکەمان دەکەین بە هانای خوشک و براکانیانەوە بچن و چی زووە دەستی هاوکاری درێژبکەن و چاوەڕێی دەوڵەت نەکەن، چونکە زۆرجار هاوکاری ناکرێن یان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریدەهێنن و دەبوو ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەو دۆخە و خەڵک ئاگاداربکرێتەوە و لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و لە ئامادەباشیدا بن، تا کەمترین زیان بەر خەڵک بکەوێت و قوربانی کەم بێت.

 

ئێش و ئازاری گەلەکەمان لە هەر کوێ بێت ئێش و ئازاری ئێمەیە و پێویستە خاوەنداریان لێ بکەین، تواناکانمان بخەینەگەڕ بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک.

 

دووبارە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵەی قوربانیانی بومەلەرزەکە دووپات دەکەینەوە و هیوای زوو ساڕێژبوون بۆ بریندارەکان دەخوازین.

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان

٧-٢-٢٠٢٣