سلێمانی، چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دەستپیدەکات
بە دروشمی "کاتی کۆتاییهێنانە بە پلانگێڕی نێودەوڵەتی" چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لە باشووری کوردستان دەستپێدەکات و بانگەوازی کرا "پێویستە بە بەشداری بەرفراوان کۆتایی بەم شەرمەی سەر مرۆڤایەتی بهێنین".
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/02/20230204-325085966-1232331091013380-6024089180529406182-n-jpgd642a2-image.jpg)
سلێمانی
ئەمڕۆ لە سەرکۆی ئازادی پارکی ئازادی شاری سلێمانی، کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان، بە بەشداری ژمارەیەک لە چالاکوان، کەسایەتی سیاسی و مەدەنی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست و کار و چالاکییەکانی مانگی شوباتیان دژ بە پلانگێڕی نێودەوڵەتی بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا کرد.
بەیاننامەی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان لەلایەن نەورۆز فازیل، چالاکوانی سیاسی و ئەندامی کۆمیتەکە خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە، "٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەکەینەوە، کە لە کەسێتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا تەواوی خەڵکی کوردستان و گەلانی ناوچەکە و مرۆڤایەتی ئازادیخواز بەئامانج گیرا، پیلانگێڕیەک کە لە کرۆکی خۆیدا گوزارشت لە درێژەدان و بەردەوامیدان بەشەوەزەنگ و سەد ساڵێکی دیکەی پڕ لە تاریکی و کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانی بەسەر کورداندا دەکات".
لە بەیاننامەکەدا باس لەوەکراوە "چەندین ساڵە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورددا ئەنجام نەدراوە و ماوەی ٢٢ مانگیشە هیچ ئاگایی و زانیارییەک لەسەر دۆخی ژیان و تەندروستی بەڕێزیان نییە، هاوکات لەناو گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەکی سەختی دەروونیدا ژیانی لە ئیمڕاڵی بەسەر دەبات، ڕێکخراوی دژی ئەشکەنجەی سەر بە کۆنسەی ئەوروپا- سی پی تی، کە بەرپرسی یەکەمە لە دۆسیەی ماف و ژیان و تەندروستی زیندانیانی ئیمڕاڵی، هیچ کات بە ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان هەڵنەستاون و وەک پارچەیەکی پیلانگێڕی مامەڵەیان لەگەڵ دۆخی ئیمڕاڵیدا کردووە، ئەمەش زۆر بەزەقی لە لێدوان و ڕەفتار و شێوازی مامەڵەی ئەم دواییەیان دەرهەق بە ڕەوشی زیندانیانی ئیمڕاڵی دەرکەوت، ئەمەش درێژەدانە بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە ئاستی هەرە سەخت و دژواری خۆیدا".
کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان لە ٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوباتدا بە دروشمی "ئیدی بەسە، کات کاتی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانە" و "کات کاتی کۆتاییهێنانە بە پلانگێڕی نێودەوڵەتی" زنجیرە چالاکییەک لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەبات، کۆمیتەکە بانگەوازی بەشداری دەکات و دەڵێت: بانگەوازی لە گەلەکەمان و تەواوی خەڵکی ئازادیخواز ئەکەین کە بەشداری هەڵمەت و چالاکی ناڕەزایی دژ بە گۆشەگیری سەخت و هێزە پیلانگێڕەکان بکەن و شان بەشانی گەلەکەمان لە پارچەکانی تری کوردستان کۆتایی بەم شەرمەی سەر مرۆڤایەتی بهێنین، پێویستە هەمووان بە جۆش خرۆشەوە لەناو ئەم زنجیرە چالاکی و هەڵمەتەدا جێگەی خۆمان بگرین و بەرەو ئازادی و سەرکەوتنی یەکجارەکی هەنگاو بنێین".