لە کۆبانێ ژنان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرخۆدان دەکەن

زۆزان بەکر، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری فورات وتی: تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان لە دژی تیرۆری داعش بووەتە زەمینەی بەهێزکردنی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەجیهانی بوونی.

بەرجەم جودی

 

کۆبانێ- داعش کە بە مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی سەدەی ٢١ ناسراوە، دوای بەرخۆدانی ژنان لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان تێکشکا.

 

ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش بە ئامادەکارییەکی زۆرەوە هێرشیان کردە سەر شاری کۆبانێ، شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە بۆ پاراستنی خاکی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخرابوون، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەرگرییان لە خۆیان کرد و کۆبانێیان پاراست ئەم سەرکەوتنە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا پاش ١٣٤ ڕۆژ لە بەرخۆدان ڕاگەیەندرا.

 

لە بەرخۆدانی کۆبانێدا، ژنان لەژیر چەتری یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە"، کە لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣دا دامەزرابوون، خۆیان ڕێکخست و پێشەنگایەتی گەورەیان لە شەڕەکەدا کرد، شەڕڤانانی یەپەژە لە لایەکەوە فەرماندارەتییان کرد و لە لایەکی دیکەوە گیانی خۆیان بەختکرد و چالاکیی فیدایی وەک ئارین میرکان و ڕێڤانی کۆبانێیان ئەنجامدا، خەباتی مێژوویی ژنان کە لە بەرخۆدانی کۆبانێدا پەرەی سەند بە گرنگترین دەستکەوتەکانی ژنان لە سەدەی ٢١دا پێناسە دەکرێت.

 

بەبۆنەی ٨ەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێ، زۆزان بەکر ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی فورات ڕۆڵی ژنانی لە سەرکەوتنی کۆبانێ بەرز نرخاند و بە فەلسەفەی ژن و ژیان و ئازادیەوە گرێیدا، وتی: ئەم هێرشە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە تیرۆری داعش لە سوریا و عێراق بڵاوببووەوە و هەڕەشەی بۆ سەر جیهان بوو، داعش دەیان کۆمەڵکوژی لە شەنگال ئەنجامدا و بە شێوەیەکی تاریک شارەکانی داگیرکرد و هەبوونی نەتەوەکانی لەناوبرد، بە هەموو شێوەیەک هەوڵیدا ڕەنگی ژنان لەناوببات، دوای ئەوەی چەتەکان شارە گەورەکانی وەک موسڵ و ڕەقەیان گرت و بەرەو شاری کۆبانێ بەڕێکەوتن، شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە بەرخۆدانی بێوێنەیان لە بەرامبەر هێرشەکانی داعشدا نیشاندا، سەرکەوتن لە کوبانی لەسەدەی ٢١دا سیمبولی هەموو مرۆڤایەتی بوو، هێرشەکەی سەر کۆبانێ لە ڕوانگەی دەوڵەتی تورکەوە بوو، بۆیە پێیانوابوو چۆن شارە گەورەکان ناتوانن بەرگری لە چەند کۆمەڵە بکەن، هەمان شت لە کۆبانێ ڕوودەدات، بەڵام شەڕڤانان و گەل و دۆستانی کۆبانێ لە ماوەی ١٣٤ ڕۆژدا بە قارەمانێتییەکی گەورەوە ئەو هێرشەیان تێکشکاند و سەرکەوتنی سەدەیان بەدەستهێنا".

 

"لە بەرخۆدانی کۆبانێدا ئەقڵیەتی ٥ هەزار ساڵ تێکشکێندرا"

زۆزان بەکر بە تایبەتی باسی لە ڕۆڵی ژنان کرد لە بەرخۆدانی کۆبانێ و وتی: ئەودیوی بەرخۆدانی کۆبانێ کە مرۆڤ ناتوانێت پشتگوێی بخات، پێشەنگی ژنانە لە شەڕی دژی داعشدا، ئەوە یەکەمجار بوو کە ژنان بە ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ و پەروەردە و و بەهێز بوون پێشەنگایەتیکردنەوە شەڕیان لە شارەکاندا کرد، پێش ئەمە ژنانی کورد ساڵانێکە لە چیاکانی کوردستان شەڕیان دەکرد و ئەمەش ئەزموون و میراتێک بوو بۆ شەڕڤانانی یەپەژە بۆ ئەوەی ویست و هێزی خۆیان وەربگرن، شەڕێکی دوو قۆڵیان لە دژی ئەقڵیەتی داعش بەرپا کرد و نیشانیاندا کە دەتوانن خاکەکەیان بپارێزن و شەڕ بکەن، بۆیە ئەم ئەقڵیەتە لە مەیدانی بەرخۆدانی کۆبانێدا بە سایەی تێکۆشانی شەڕڤانانی یەپەژە لە هێڵە ئەستوورەکانیدا شکا.

 

"تۆڵەسەندنەوەی ژنان لەلایەن شەڕڤانانی ژنانەوە ڕووداوێکی مێژوویی بوو"

زۆزان بەکر لە بەردەوامی قسەکانیدا کاریگەریی تێکۆشانی ژنانی کوردی لە دژی وشیاری داعش هەڵسەنگاند و وتی: مانگێک پێش هێرشەکانی سەر کۆبانێ کۆمەڵکوژییەک لە شەنگال ڕوویدا و لە ئەنجامدا هەزاران ژنی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و ڕفێندران، بەو هۆیەوە شەڕڤانانی یەپەژە لە کۆبانێ تۆڵەی ژنانی شەنگالیان کردەوە و دوای لەناوچوونی داعش سەدان ژنیان گەڕاندەوە، ئەمە ڕووداوێکی مێژوویی بوو، بۆ یەکەمجار کە ژنان تۆڵەی ژنانیان کردەوە و داوای لێپرسینەوەیان لە بکوژەکان کرد، ئەم خاڵە بووە هۆی ئەوەی دەیان ژنی نێودەوڵەتی ڕوو لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و بچنە ڕیزی یەپەژەوە و جیاوازتر خەبات بکەن، ژنان جارێکی تر لە دژی ئەقڵیەتی دەوڵەت-پیاو ڕاپەڕین و وتیان کە دەتوانن بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی قڕکردن بۆ سەر ژنان تێبکۆشن.

 

"پراکتیکی دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'مان لە کۆبانێ بینی"

زۆزان بەکر بە تیشک خستنەسەر فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی وتی: بەرخۆدانی کۆبانێ زەمینەیەکی بەهێز و ڕاستەقینەی دروستکردووە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ژنان لەژێر ناوی ژن، ژیان، ئازادیدا گەشە بکەن، ئەگەر ژنان لە کۆبانێ شەڕیان نەکردایە و خۆیان فیدا نەکردایە، ئەمڕۆ نەماندەتوانی بگەینە ئەو ئاستە، ژنان لە سەدەی ٢١ەمیندا بە بەرخۆدانی کۆبانێ هەنگاوی مێژووییان ناوە، ئەم دەستکەوتە تەنیا بۆ ژنانی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نییە، بەڵکو بۆ هەموو ژنانی جیهانە، کە جارێکی تر لە خەوێکی قورسەوە بەخەبەر هاتن، بەرخۆدانی ژنان لە کۆبانێ، تیشکی خستەسەر ڕاستیی ژنان و هۆشیاری کۆمەڵگەی گەڕاندەوە و ڕێگای تێکۆشان بەرەو ئازادی ڕووناک کردەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، زۆزان بەکر، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، داوای لە هەموو ژنان کرد، کە لە ئاست دەستکەوت و فەلسەفەکەی خۆیان ڕاپەڕن، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ژنان بە زمان و نەتەوە و ناسنامەی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا تێدەکۆشن، بەتایبەتی کە ژنان لە نەتەوە جیاوازەکان بە کوردی دەڵێن ژن، ژیان، ئازادی، ئێمە تێدەگەین کە بەرخۆدان و شۆڕشەکەمان بووەتە جیهانی، ئەمە بۆ ئێمە زۆر مانادارە و بەنرخە، بۆیە ئاستی خەبات و کارەکانمان بەرزدەکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین فەلسەفەی ئازادیش لە پراکتیکدا جێبەجێ بکەین.