لە کۆی ١٥٨ پێشێلکاری تەنها چوار پێشێلکاری بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنووس تۆمار کراوە
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٥٨ ڕۆژنامەنووس پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە کە تەنها چواریان ژنن.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/01/20230123-zhnamnwsyan-yamar-png809e6e-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٥٨ ڕۆژنامەنووس پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە کە تەنها چواریان ژنن، ئەمە لەکاتێکدایە لەناو ژیاندا ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی پێشێلکاری و بێ مافی دەبنەوە لەلایەن شوێنی کار و ئەو کەسانەی ڕوویان تێدەکەن.
ئەمڕۆ سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ساڵی ڕابردوو ٧٣ پێشێلکاری بەرامبەر ١٥٨ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە ١٥٤یان لە ڕەگەزى نێرن و چوارى دیکەشیان لە ڕەگەزى مێن.
بەپێی ئامارەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ٤١ لەو ڕۆژنامەنووسانە دەستگیرکراون، ٢٠ حاڵەتیان ڕێگرى و جیاکارى بووە، ١٠ حاڵەتیان سوکایەتى پێکردن بوون، شکاندن و دەستبەسەرداگرتنى پێداویستى ڕۆژنامەنووسى ٧ حاڵەت تۆمارکراوە و ٣ داخستنى نووسینگە و کەناڵەکانى ڕاگەیاندنیش هەبووە.
٢ حاڵەتی هێرش بۆ سەر دەزگاکانى ڕاگەیاندن و دوو حاڵەت دەرکردن لە کار هەبووە، هەر بەپێی ئامارەکە یەک حاڵەتى بریندارکردنى ڕۆژنامەنووس و دوو حاڵەتى برینداربوونى ڕۆژنامەنووس هەبووە.
لەسەر ئاستى پارێزگاکان، هەولێر زۆرترین پێشێلکاری تێدا تۆمارکراوە کە ٢١ حاڵەت بووە، لە پلەی دووەمدا سلێمانی بە ١٨ حاڵەت و دهۆک بە ١٦ حاڵەت دێت، هاوکات لە پارێزگای کەرکوک ١٠ حاڵەتی پێشێلکاری و لە هەڵەبجەش ٣ حاڵەت، لە گەرمیان ٣ حاڵەت، لە سۆران دوو حاڵەتى پێشێلکارى بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە.