ئاوارە عێراقییەکانی کامپی هۆل دەگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان
ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە تویتێكدا ڕایگەیاند، ١٤٢ خێزانی عێراقی لە كامپی هۆلەوە بۆ كامپی جەدەعە لە پارێزگای موسڵ گەڕێندراونەتەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/01/20230118-20230115-20230115-hol-kampi-jpg95bb39-image-jpg91ab3d-image-jpg73a21a-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە تویتێكدا بڵاویكردوەوە، حکومەتى عێراق ١٤٢ خێزانی عێراقی لە كامپی هۆلەوە بۆ كامپی جەدەعە لە پارێزگای موسڵ گەڕاندەوە، دوای ئەوەی ئەو خێزانانە چارەسەری دەروونی و كۆمەڵایەتیش وەردەگرن، دەنێردرێنە ناو كۆمەڵگەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بڵاویکردووەتەوە، بەردەوام دەبن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرچاوەكانی تیرۆر و داخستنی كامپی هۆل لە سوریا ئەوەش لەپێناو دابینكردنی ئاسایشی بەردەوام بۆ عێراق و ناوچەكە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی ٧٠ هەزار کەس لە نەتەوەی جیاواز لە کامپی هۆڵدا نیشتەجێن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسیان عێراقین، کامپە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هێرشی چەتەکانی داعش و تورکیا، بۆیە ئیدارەی خۆسەر لەم چوارچێوەیەدا داوای لە وڵاتان کرد بە فەرمی هاوڵاتیانیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەیان.
هەروەها ئیڤان فائیق جابرو، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە سەرەتای ساڵدا ڕایگەیاند کە بە چڕی کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە عێراقییەکان بۆ زێدی خۆیان، دوای ئەوەی پەروەردە دەکرێن، تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەکرێنەوە.