٧ کەس لەسەر دەستدرێژی دەستگیرکران و لە کەرکوکیش ژنێک کوژرا

تاوانەکانی دژ بە ژنان گەشتووەتە ئاستی هۆڤانە و لە سلێمانی ٧ پیاو دەستگیرکراون، کە دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر ژنێکی گەنج و لە کەرکوکیش ژنێک کوژرا.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو لە کۆمەڵگەی سمایل بەگی شارەدێی شوان لە شاری کەرکوک، سێ کەس هەڵیان کوتایە سەر ماڵێک و لە ئەنجامدا، ژنی ماڵەکەیان کوشتووە، بەپێی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی شوانەوە، بکوژەکان دواى ڕووداوەکە بۆ شوێنێکى نادیار هەڵهاتوون.

 

بەپێی زانیارییەکان ژنەکە تەمەنى ٢٤ ساڵە و بکوژەکان پاش ئەوەى دەست و قاچى هاوژینەکەییان بەستووەتەوە ژنەکەیان کوشتووە.

 

شەوی ڕابردوو پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا، خستیەڕوو، حەوت کەس لەسەر دەستدرێژی کردنە سەر کچێک دەستگیرکراون، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە هاوڵاتییەك سكاڵای لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆماركردووە، كەوا كچەكەی دیار نەماوە.


دوای لێکۆڵینەوە دەركەوتووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەكیەوە لە تیكتۆك كچەكە ماڵی بەجێ‌ هێشتووە و لەترسا هەڵاتووە، لەسەر ڕووداوەکە دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون کە ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە، دواتر لە ماوەیەكی كەمدا كچە ونبووەكە دۆزرایەوە و دەركەوت لە ماوەی دیارنەمانیدا لەلایەن ٥ تۆمەتبارەوە فڕێندراوە و لەناو شوقەیەكدا دەستبەسەركراوە و دەستدرێژی سێكسییان كردووەتە سەر .

 

پۆلیسی سلێمانی ناسنامەی تۆمەتباترکریسن ئاشکرا کردووە، بەمشێوەیە؛ ب، خ، ن لەدایكبووی ٢٠٠٥ – م، ر، م لەدایكبووی ٢٠٠٢ – م، م، ق لەدایكبووی ١٩٩٩ – گ، م، م لەدایكبووی ١٩٨٨– ب، ب، ح لەدایكبووی ١٩٩٥ – چ، ع، ح لەدایكبووی ١٩٩٣- ر، س، س لەدایكبووی ١٩٨٩.

 

ئاماری کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبووندایە و ئەگەرچی ئامارێکی فەرمی لە بەردەستدا نییە، بەڵام بە پێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسی نوژنها، لەمساڵدا زیاتر لە ٧٥ حاڵەتی توندوتیژی، کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان تۆمارکراوە.