پێشەنگای ساڵانەی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان کرایەوە

لە درێژەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان بە پێشەنگایەک و بەیاننامەیەکی تایبەت بە ڕووی توندوتیژییەکاندا وەستانەوە و جەختیان کردەوە، دژی بڕیاری حکومەتی عێراقن بۆ هێنانی ژنی دووەم و بێدەنگ نابن.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە باخچەی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان لە شاری سلێمانی، تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان پێشەنگای ساڵانەی خۆی بۆ کاری دەستی ژنان کردەوە و لە هەمانکاتدا بە بۆنەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.

 

"بەشێک لە وێنەکانم باس لە ئیرادەی ژنان دەکەن دژی توندوتیژی"

ساڵانە پێشەنگای تایبەت بە ژنان لە بواری جیاوازدا دەکرێتەوە، تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانیش پێشەنگای ساڵانەیان هەیە، کە تیایدا ژنان بەرهەمەکانی خۆیان لە کاری دەستی و خواردن و کاری هونەری نمایش دەکەن و بە میوانانی پێشکەش دەکەن.

 

لە پێشەنگاکەدا ژنان بەرهەمە تایبەتەکانی خۆیان نمایش کرد و لە ڕێیەوە سەرچاوەیەکی داهاتیان دەستەکەوت، میدیا عەبدوڵا عەلی، وەک شێوەکارێک بەشداری کردووە، دەربارەی کارە شێوەکارییەکانی وتی: وێنەکان سەرجەمیان خۆم کێشاومن، وێنەکانم خۆیان لە بواری جیاجیادا دەبیننەوە، تایبەت بە ماڵ و منداڵان، هەروەها هەندێک لە وێنەکانم باس لە ژنان و وەستاندنەوەی ژنان دژی توندوتیژی دەکەن.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد، تەنها بەم چالاکیانە نابێت ژنان دژی توندوتیژی بووەستنەوە، بەڵکو پێویستە لە تەواوی ساڵدا ژنان بە ئیرادەوە بە ڕووی توندوتیژییەکان بووەستنەوە.

 

بەیاننامەی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان خوێندرایەوە

لە بەشێکی چالاکییەکەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شەوبۆ عەسکەری، بەیاننامەی تۆڕەکەی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە، ژنان لەم هەرێمەدا بەشێکن لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، "ژنان لە هەموو شۆڕشەکانی نەتەوەی کورد بەشداری کردووە، کاری کردووە بۆ بەدیهێنانی ئازادی، بەڵام ئەوەی بەدیدەکرێت ئەو توندوتیژییەیە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ناچارکردنی ژنان بە خۆکوشتن یاخود لە ژێر فکی ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەیانکوژن.

 

لەمێژە ژنان لە چاوەڕوانی حکومەتدان کە بێدەنگی بشکێنێت و یەکسانی و مافی ژنان بخاتە پڕۆسە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا، هەر بۆیە داوا لە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەین وتەکەی دەربارەی دەستگیرکردنی بکوژانی ژنان بکاتە کردار و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، داوا دەکەین یاسا سەروەر بێت و بەرپرسیار بێت لە ئاست ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، تاوانباران دەستگیر بکرێن، هەوڵی چارەسەرکردنی باری ئابووری هاوڵاتیان کە یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژییەکانی دژی ژنان، بدرێت جگە لەوانە ستراتیژی تۆکمە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان دابنرێت.

 

هەروەها دەربارەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی دەربارەی هێنانی ژنی دووەم بۆ پیاوان، جەختیان کردەوە، بێدەنگ نابن لە دەرکردنی بڕیاری لەو جۆرە و ڕێگە نادەن لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، لە ڕۆژانی داهاتووشدا بە چەندین چالاکی و بەیاننامە بە ڕووی بڕیارەکەدا دەوەستنەوە.