ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەردەبڕدرێت
بەرامبەر بڕیاری لێخۆشبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ هەزار و ٦٥٩ کەس، پارێزەرانی سزادراوانی بادینان ناڕەزایی دەردەبڕن.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/11/20221101-badinan-jpg10431c-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ھەزار و ٦٥٩ کەس دەرکرد کە فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەیە.
دوای ئەو بڕیارە تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی سزادراوانی بادینان ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی بڕیارەکەی سەرۆکی ھەرێم بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، چاوەڕوان بوون لێخۆشبوونەکە زیندانیانی سیاسیش بگرێتەوە لە ناویاندا سزادراوانی بادینان کە بە ناحەق دەستگیرکراون و سزادراون، بەڵام لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی ھەرێم تایبەتە و زیندانیانی سیاسی ناگرێتەوە.
بەپێی ناوەڕۆکی بڕیارەکە ئەوانەی لێخۆشبوونیان بۆ دەرچووە مەترسی نین بۆ سەر کۆمەڵگە، بەڵام تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی سزادراوانی بادینان ئەوەدەخەنەڕوو، کە دیارە بە تێڕوانین و تێگەیشتنی سەرۆکی ھەرێم ئەوانەی لێخۆشبوونیان بۆ دەرنەچووە مەترسین بۆ سەر کۆمەڵگە.
ئەو بڕیارەی سەرۆکی ھەرێم لەکاتێکدایە کە بەپێی یاسا زیندانیانی بادینان بڕیاری "ئازادبوونی مەرجدار" دەیانگرێتەوە، بەڵام بەھۆکاری سیاسی و دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکانی ھەولێر، تائێستا ڕێگە نەدراوە ئازادبکرێن، بە وتەی پارێزەرەکانیان لە چاکسازی گەورانی ھەولێریش ڕێکاری توندتریان بەرامبەر گیراوەتەبەر.