بەرخۆدانی ئازادیخوازان لە دژی دڕندەیی خامنەیی
دوای ٢٥ ڕۆژ ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، ئازادیخوازان لە شارەکاندا بە تایبەت سنە، بە بەرەنگاربوونەوەی دڕندەییەکانی خامنەیی بوونەتە سیمبولی مێژوو.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/10/20221011-20220923-shshm-atradat-png69af36-image-jpg9c76ae-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە دژی حکومەتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران پێی ناوەتە ٢٦ەمین ڕۆژەوە، شەوی ڕابردوو زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شاهیدی ئامادەبوونی زۆری خۆپیشاندەران لە شەقامەکان بوون.
هەرچەندە کەشێکی ئەمنی بەهێز لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، بەڵام شەوی رابردوو سەرەڕای بوونی فڕۆکەی جەنگی بۆ سەرکوتکردن و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، جارێکی دیکە بەرخۆدانی ناوازەی خۆپیشاندەران لە دژی دڕندەییەکانی خامنەیی دەستیپێکرد، کورد و ئازادیخوازانی سنە کۆنترۆڵی شەقامەکانیان کرد و ڕایانگەیاند تا ئازادی بەدەست نەهێنرێت و داگیرکاران دەرنەکرێن، بێدەنگ نابن.
لە شارەکانی مەهاباد، سەقز، کرماشان، دێوگۆلان، مەریوان، بانە، بۆکان و شارەکانی دیکە، خۆپیشاندەران ڕژانەوە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژ بە سیستەمی دەسەڵاتدار دەوتەوە، ئاگریان کردەوە و ڕێگاکانیان داخست و دروشمیان لەسەر دیوارەکان دەنووسی بۆ درێژەدان بە ڕاپەڕینەکەیان تا ڕووخاندنی دیکتاتۆر و ڕژێمی داگیرکاری ئێران، سەرچاوەکانی ئاژانسی نوژنها فڕنی فڕۆکەی جەنگیان بە ئاسمانی کرماشاندا پشتڕاست کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا لە بەرزییەکی زۆر کەمەوە فڕیون بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای خۆپیشاندەران.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، بریندارەکان لە ماڵەوە چارەسەر دەکرێن بۆ ئەوەی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستگیر نەکرێن، بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت تا ئێستاش هیچ ئامارێک نییە لەسەر ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی شەوی ڕابردوو.
ههروهها له سیستان و بهلوچستان و شارهکانی دیکهی ئێران، لهوانە ئهسفههان، وهرامین، فولادشار، یهزدانشار، تاران، کهزرون، مهشههد، قوم، تهبریز، ئهکبهتان، شیراز، قهزوین، ئهراک، هۆرموزگان، بهندهر عهباس، ئههواز، مۆرۆدهشت و شارهکانی دیکه ڕاپەڕین بەردەوامە و خۆپیشاندەران بە بەکارهێنانی مۆنۆتۆف-کۆکتێل هێزەکانی بەسیج و سوپایان کردە ئامانج و شەقامەکانیان گرتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان.
باس لەوەش کراوە کە لە زۆربەی شارەکان خەڵک لە پەنجەرەکانەوە دروشمیان دەوتەوە و یاوەری خۆپیشاندەرانی شەقامیان کردووە. هەروەها شۆفێرەکان بە لێدانی هۆڕن چەندینجار هێزە سەربازییەکانیان ترساندووە. هێرشەکە بۆ سەر بنکەکانی بەسیج بەردەوام بوو و ژمارەیەک لە هێزەکانی بەسیج لێیاندرا.