ژنانی هەڵەبجە هەڵوێستی خۆیان دژی کوشتنی ژنان خستەڕوو
دوای ڕاگەیاندنی هەفتەی بەرەنگاربوونەوە دژی توندوتیژی ژنان لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ١٤ی ئەیلولدا، ئەمڕۆ ژنان هەڵەبجە هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو.
هەڵەبجە
ئەمڕۆ، ٢٠ی ئەیلول لە بەردەم باخی گشتی شاری هەڵەبجە، کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکوان و ڕیکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤی شارەکە گردبوونەوە و هەڵوێستی خۆیان دژی بڕیاری دادگای سلێمانی بۆ ئازادکردنی باوکی هێلین و ئاوارە، دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ، کە تۆمەتبار بوو بە کوشتنی دوو کچەکەی دەربڕی.
هەروەها بەردەوامیدانی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆیان دژی ژنکوژان ڕاگەیاند.
بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی بەشدار لە هەڵمەتەکەدا، لەلایەن شارا عەبدول کەریم، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان خوێندراوەیە و تێیدا باسی لەوەکرد کە ڕۆژ نییە ژن نەکوژرێت، یاخود ناچار بە خۆکوشتن نەکرێت، بۆیە پێویستە لەپێناو کەشێکی ئارامتر و ژیانێکی شیاوتر و یەکسانی هەموومان، دژی ئازاد کردنی ژنکوژان بین، وەک ژنانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە هەرچەندە کەمترین توندوتیژی تیادایە، بەڵام هەموو هەوڵێک بە گەڕ دەخەین تاوەکو شانبەشانی یەکتر توندوتیژیەکان کەم بکەینەوە.