بەهۆی جەژنەوە خەڵک سەردانی گۆڕستانەکانیان کرد

لەگەڵ هاتنی جەژنی قورباندا هاوڵاتیان لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی گۆڕستانەکانیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ هاتنی جەژنی قورباندا لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان هاوڵاتیان بەیانی زوو چوونە سەر گۆڕستانی شەهیدان و جەژنیان لە منداڵە شەهیدەکانیان پیرۆزکرد.

 

شەهبا

ئێوارەی دوێنێ لە ناوچەی ئەحرازی سەر بە کانتۆنی شەهبا مۆم لەسەر گۆڕی شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم داگیرسێندرا، بەیانی ئەمڕۆش جارێکی دیکە هاوڵاتیان چوونە گۆڕستانی شەهیدان.

 

لە هەردوو ڕۆژەکەدا مەراسیم بە خولەکێک وەستان بۆ پاکڕەوان دەستیپێکرد، لە ئێوارەی دوێنێدا ڕەشید عەفرین، ئەندامی تەڤگەری گەنجانی هەرێمی عەفرین، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئێمە پاکڕەوانی خۆمان بە ڕێزەوە یاد دەکەینەوە و جەژنیان لێ پیرۆز دەکەین، گەلی عەفرین ماوەی ٤ ساڵە لە شەهبا جەژنەکەیان بە بەرخۆدانییەوە پیرۆز دەکەن، ئێمە وەک گەنجانی عەفرین لەسەر ڕێبازی شەهیدەکانمان بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیان لەم جەژنەدا نوێ دەکەینەوە.

 

ئەمڕۆش نەوشیروان محەمەد، بەڕێوەبەری هەرێمی عەفرین، وتارێکی پێشکەشکرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە ڕێگەی بەرخۆدانەوە عەفرین رزگار دەکەن، و وتی: ئێمە وەک خەڵکی عەفرین، جەژنی قوربان پیرۆز دەکەین لە هەموو موسڵمانانی جیهان، ئێمە بە ڕۆحی پاکڕەوانەوە بەرەنگاری هێرش و هەڕەشەکان دەبینەوە و هەرگیز واز لە ئومێد ناهێنین، جەژنی داهاتوو لە عەفرینێکی ئازادکراودا دەگێڕین.

 

حەسەکە

لە هەموو جەژنێکدا دایکان و بنەماڵەی شەهیدان سەرەتا دەچنە گۆڕستانی شەهیدانی مەدیا و دژوار و جەژنی ئازادیخوازان پیرۆز دەکەن، ئەمڕۆش بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە هەزاران کەس لە شاری حەسەک جەژنی قوربانیان لە منداڵە شەهیدەکانیان پیرۆز کرد.

 

قامیشلۆ

ئێوارەی دوێنێ هاوڵاتیانی قامیشلۆ سەردانی گۆڕی شەهیدەکانیان کرد و مۆمیان هەڵکرد، ئەمڕۆش پێش خۆرهەڵهاتن هەزاران کەس لە هەموو ناوچەکانی قامیشلۆوە چوونە گۆڕستانی دەلیل سارۆخان و پێکەوە جەژنیان پیرۆزکرد و نوقڵیان بڵاوکردەوە.