دادگای ئێران کەفالەتی ٣ ملیار تمەنی بۆ ئازادکردنی کاتی سەعدە خدرزادە داناوە
دادگای تاوانەکانی ئێران لە مهاباد ٣ ملیار تمەنی بۆ ئازادکردنی کاتی سەعدە خدرزاد داناوە، خێزانەکەی تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو بڕە پارەیە دابینبکەن.

ناوەندی هەواڵ
لقی سێی دادگای تاوانەکانی ئێران لە مهاباد بڕی ٣ ملیار تمەنی بۆ ئازادکردنی کاتی سەعدە خدرزاد، زیندانی سیاسی داناوە، بەپێی ڕاپۆرتەکان خێزانەکەی نەیانتوانیوە کەفالەتەکە دابینبکەن.
سەعدە خدرزاد، خەڵکی پیرانشارە، ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە دووگیانە و لە زینداندایە، لە ٢٠ی حوزەیران لە نەخۆشخانەیەکی ئورومیە منداڵەکەی لەدایکبوو و دوای چەند کاتژمێرێک لەگەڵ منداڵە تازە لەدایکبووەکەیدا گەڕایەوە زیندان.
سەعدە خدرزادە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا سەردانیکردنی خانەوادەکەی و گەیشتن بە پارێزەرێکی تایبەتی ڕەتکرایەوە و لێی قەدەغەکرا، بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئەو و منداڵەکەی لە دۆخی تەندروستی خراپدان و بەرپرسانی زیندان هیچ ڕێکارێک بۆ چارەسەرکردنی دۆخیان ناگرنەبەر.