توندوتیژی و هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا لە هەڵکشاندایە و هۆشداری لەبارەوە دەدرێت

ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان سیمینارێکیان لەسەر مەترسی و زیانەکانی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا خستەڕوو، هۆشداریشیان لەسەر هەڵشانی توندوتیژییەکان دا.

هەڵەبجە

 

ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە لە چوارچێوەی پرۆژەی پاراستنی مافی ژنان و ژنانی گەنج، ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان سیمینارێکیان سەبارەت بە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر و هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا ڕێکخست و سیمینارەکە لەلایەن ڕەنگین سەلام، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، وترایەوە.

 

کەوسەر بەشیر، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە تایبەت بە نوژنها وتی: لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیمان دەستمان بەم پڕۆژەیە کردووە کە خۆی لە سیمینار دەبینێتەوە لەبارەی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا، کەوسەر بەشیر ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم پرۆژەیە تەنها سیمینار نییە و پشتگیری داراییش پێشکەش بە کۆمەڵێک ژن دەکرێت تاکو بتوانن کار و پرۆژەی خۆیان دەستپێبکەن.

 

ڕەنگین سەلام، ەک چالاکوانێک کە سیمینارەکەی پیشکەشکرد، باسی لە شێوازەکانی توندوتیژی کرد و وتی: ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژییان لەبواری ڕۆشنبیری و هزری و هەموو شێوازەکانی دیکەیدا لە زیادبووندایە بۆیە پێویستە ژنان ئاگادار بکەینەوە، هەروەها پێویستە یاسا سەروەر بێت، نەک وەک دوێنێ لەناو دادگادا ژن بەر شەق بدرێت و لە هەر حاڵەت و ڕووداوێکیشدا تەلەفون بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت بکرێت و بێتە خەت، کە ئەمە بۆخۆی نیشانەی نەبوونی یاسایە، چونکە ئەو کارانە بە تاکە کەس بەڕێوەناچێت.

 

ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە پرۆژەی گەشەپێدان- TATWEER، کە ئامانجی بونیادنانی توانای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە، پرۆژەکە ﻟەﻻﯾەن یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەکی دارایی دەکرێت و لەلایەن ڕێکخراوی UPP بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی AL - Messalla جێبەجێدەکرێت.