لە ڕۆژێکدا ١٢ کەس لە زاهیدان لەسێدارەدران؛ ژنیشی تێدایە
سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ڕۆژی ٦ی حوزەیران ڕایانگەیاند، لە زاهیدان ١٢ زیندانی بە کۆمەڵ لەسێدارەدران کە ژنێکی تێدایە.

ناوەندی هەواڵ
بەپێی هەواڵەکان ١٢ زیندانیکراو لە شاری زاهیدان لە وڵاتی ئێران بە کۆمەڵ لەسێدارەدراون، ٦ لە زیندانییەکان بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و ٦ی دیکەشیان بە تۆمەتەکەیان کوشتن بووە، یەکێک لەوانە ژن بووە و بە ناسنامەکەی بە گەرگیج ناسێنراوە، بە تۆمەتی کوشتن لە سێدارەدراوە.
بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی شەممە، ٤ی حوزەیران سەرجەمی زیندانییەکان گوازراونەتەوە بۆ زیندانی تاکەکەسی لە زیندانی زاهیدان و ڕۆژی دووشەممە بە کۆمەڵ لە سێدارەدران.
هۆکاری دەرکردنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران بە ئامانجی کەمکردنەوەی تاوانەکانە، بەڵام ئاماری لەسیدارەدان و زیندانییەکان دەریدەخەن کە ڕۆژ بە ڕۆژ تاوانەکان لەو وڵاتەدا لە هەڵکشاندایە و کەم ناکات.