"بە ناوی هونەرمەندانی باشوورەوە داوا دەکەین بکەرانی کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا بکرێت"
ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ناوەندی چاند و هونەری ئەحمەد کایا لە پاریس کرد و بە ناوی هونەرمەندانی باشووری کوردستانەوە داوایانکرد حکومەتی فەرەنسا بکوژ و بکەرانی پشت کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا بکات.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/12/20221225-321690183-887896459008200-1955953141608493990-n-jpgdf9dd1-image.jpg)
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئیدانەی هێرشی تیرۆریستی فاشیستانی بۆ سەر ناوەندی چاند و هونەری ئەحمەد کایا لە پاریس، کە لە ٢٣ی کانوونی یەکەم ڕوویدا، کرد و ڕایگەیاند،" ئێمە وەکو خەباتکارانی هونەر و کولتووری کوردی پەیمان دەدەین، کە هەرچەندە هێرشی دوژمنکارانە و داگیرکاری بەهێز و ڕەشتر بن ئێمە مکوڕتر و جەسورتر دەبین لەسەر درێژەدان بە خەباتی کولتووری و نەتەوەییمان".
دەقی بەیاننامەی ڕێکخراوی نوێگەر:
ئێمە وەکو ڕێکخراوی نوێگەر بۆگەشەپێدانی هونەری، هێرشی تیرۆریستی فاشیستان بۆ سەر ناوەندی چاند و هونەری ئەحمەد کایا لە پاریس بە توندی ڕسوا و شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشی خۆمان لە کەسوکار و هەڤاڵانی شەهیدان میر پەروەر، ئەڤین گویی، عەبدولرەحمان قزل دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، سڵاو و ڕێزی خۆمان بۆ هاوڕێیانی ناوەندی چاند و هونەری ئەحمەد کایا لە پاریس دەنێرین، سەرەخۆشیتان لێدەکەین و پێتان دەڵێین کە ئێمە پشتیوان و هاوڕێگاتانین، ڕێگە بەخۆمان دەدەین بەناوی هونەرمەندانی باشووری کوردستانەوە بانگ لە حکومەتی فەرەنسا بکەین کە بکوژ و هێزی پشت بکوژ لەم کردەوە تیرۆریستیە فاشیستیەدا ئاشکرا بکەن بۆ ڕای گشتی و هەڵوێستی یاسایی و سیاسی دەوڵەتی فەرەنسا نیشانی گەلەکەمان و هاونیشانمانیانی فەرەنسا و جیهان بدەن، هێرشی داگیرکاری و قڕکاری بۆسەر کولتوور و هونەری کوردی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە ئێستادا بە پیلانگێڕی و سیستماتیک لە دژی هونەر و هونەرمەندانی کورد داگیرکاریەکی توندی کولتووری و نەتەوەیی بەڕێوەدەچێت، ئەو هێرشانەی کەجێبەجێ دەکرێن دڕندەی و ڕاستی پیلانگێڕانی پشت پەردە ئاشکرا دەکەن، بۆیە ئێمە وەکو خەباتکارانی هونەر و کولتووری کوردی پەیمان دەدەین، کە هەرچەندە هێرشی دوژمنکارانە و داگیرکاری بەهێز و ڕەشتر بن ئێمە مکوڕتر و جەسورتر دەبین لەسەر درێژەدان بە خەباتی کولتووری و نەتەوەییمان، پەیام بەداگیرکەران دەدەین کە کولتوور و هونەری کوردی نەک پاشەکشە ناکات، بەڵکو زیاتر پێشدەکەوێت، بانگ لە هونەرمەندان و پسپۆڕانی بواری هونەر و کولتوور دەکەین کە بەدەم یەکێتی نەتەوەیی هونەرمەندانەوە بچن و ئاستی خەباتی خۆیان بەرزتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ئاستی ڕووبەڕوو بوونەوەی داگیرکاریدا بین.
دووبارە شەهیدانی تیرۆرکراوی پاریس لە د.عەبدولروحمان قاسملو تا هەڤاڵان ساکینە جانسز لەیلا شایلەمەز و هەڤاڵ ڕۆژبین بەبیردێنینەوە و سەری ڕێز بۆ شکۆرداری شەهیدان نەوی دەکەین.