"گەلی ئێزدی ئیتر دەتوانێت بە دەنگێکی ئازاد بڵێت ئیتر تاوان و کۆمەڵکوژی قبوڵ ناکەین"

لە سلێمانی ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال بەرز ڕاگیرا و ئاماژە بەوەکرا لە ساڵی ٢٠٢١ یاسایەک دەرکرا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێزیدییەکان و دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی بەڵام ئەمەش جێبەجێ نەکرا

سلێمانی

 

ئێوارەی دوێنی لە هۆڵی ئازادی لە شاری سلێمانی نوێنەرایەتی سلێمانی پارتی ئازادیی و دیموکراسی ئێزدییان-پادێ مەراسیمێکیان بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شەنگال ڕێکخست و چەندین کەسایەتی سیاسی و چالاکوان، پارتی سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا بەشداربوون.

 

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادیی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: تا ئێستا ٣٥٠٠ ژنی ئێزیدییەکان لە ژێر دەستی داعش ماونەتەوە، هێڵێکی خیانەت بەردەوام هۆکاری جینۆساید و کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانە، شەهیدەکانی ئێمە شاهیدی ئەو ڕاستییەن کە هێزێکی کوردی شەنگالی بە جێهێشت بۆ دوژمنان و تیرۆرستەکان، هەرچەندە پەرلەمانی ئەوروپا و ئەمریکا ئەم کۆمەڵکوژییەی بە جینۆساید ناساند بەڵام دەبوو ئەوانەی بوونە هۆکاری ئەم جینۆسایدە و ئەوانەی شەنگالیان چۆڵکرد بە سزا بگەیەنێت و دادگاییان بکات.

 

بانو هەڵەبجەیی ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: کارەساتی شەنگال لە مێژوودا تۆمارکراوە وەک کارەساتەکانی دیکەی کە بەسەر کورددا هاتووە، وەک کیمیابارانی هەڵبجە و ئەنفالکردنی ١٨٢ هەزار کەس لە گەرمیان بۆیە ئێمە وەک گەلی کورد ئەو دەستدرێژییانە کە بە هاوکاری وڵاتانی زلهێز ئەنجام دەدرێت شەرمەزار دەکەین.

 

لە بەردەوامی یادەکەدا ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەرێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ بەدەستی تیرۆرستان بۆ گەلی ئێمە پڕ ئێش و ئازار بوو، بەڵام لە ماوەی ئەم ٨ ساڵەدا هێزەکانی پاراستن یەبەشە و یەژەشە دامەزرینرا و چەندین ڕێکخستنی تایبەت بۆ ژنان دروستکراوە، گەلی ئێزیدی بۆ جاری یەکەم توانی ئیرادەی خۆی لە دوای ئەو تاوانەوە بونیادبنێت و بە دەنگێکی ئازاد بڵێن ژیانمان دەکەین، هەرچەندە ئەو کۆمەڵکوژییە برینێکی زۆر سەختە، چونکە بە هەزاران کەس ئاوارەبوون، شەهیدکران و بەدیل کران و هەزارەها ژنی ئێزیدی بێ سەرەوشوێن کران، بەڵام گەلی ئێزدی ئیتر دەتوانێت بە دەنگێکی ئازاد بڵێت ئیتر تاوان و کۆمەڵکوژی قبوڵ ناکەین و ئیتر بێ ئیرادەبوون قبوڵ ناکەین.

 

ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتارێکی پێکەش کرد و تێیدا ڕەخنەی لە پشتگوێخستنی کەیسی بەجینۆساید ناساندنی ئێزدییەکان گرت و وتی: لە ساڵی ٢٠١٦ لە پەرلەمانی عێراق ئەم تاوانە بە جینۆساید ناسێنرا، بەڵام ئەمە سودی بە گەلی ئێزیدییەکان نەگەیاند، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١ یاسایەک دەرکرا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێزیدییەکان و دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی بەڵام ئەمەش جێبەجێ نەکرا، هەتا ئێستا عێراق کاری نەکردووە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بەجینۆساید بناسێندرێت، هەرێمی کوردستان وعێراق هیچ هەنگاوێکی کردارییان نەناوە.