گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری لەسەر منداڵانی ئەفریقا دروست کردووە

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' هۆشداری دەدات لەو کاریگەریانەی کە گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر منداڵان و کۆمەڵگا لە ئەفریقا دروستی دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

وڵاتانی ئەفریقا ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەبنەوە، وەک وشکەساڵی و لافاو کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی گشتی دروست کردووە.

 

دوێنێ، ئیفا کادیلی بەڕێوەبەری یونیسێف بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا، لە بەیاننامەیەکدا، کاریگەری کەش و هەوا لەسەر منداڵان و ئەو پێداویستیانەی پێویستیانە بۆ مانەوە وەک، ئاوی پاک، خۆراک، فێربوون، ئاسایش و شوێنی حەوانەوەیەکی گونجاویان باسکرد.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، نزیکەی ٤٥ ملیۆن منداڵ بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنن، ئەمەش لە ئەنجامی گۆڕانی کەش و هەوا دروستبووە، لەوانە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا ئەمە جگە لە بەدخۆراکی و وشکەساڵی و لافاو.

 

ئیفا کادیلی، جەختی لەوە کردەوە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بۆ ئەوەی منداڵان لە ئەفریقا بتوانن لە ساڵانی داهاتوودا داهاتوویان مسۆگەر بکەن، ڕوونیشیکردووەتەوە، لە بەرامبەر گۆڕانی کەش و هەوا و کاردانەوەکانی و قەیرانەکانی دیکەی ناوچەکە، یونیسێف کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی منداڵان، بەتایبەتی ئەوانەی بەدەست بەدخۆراکیەوە دەناڵێنن، و ژنانی دووگیان و شیردەر، سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییەکان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، منداڵان لەو ناوچانەی کە گۆڕانی کەش و هەوا بووەتە هۆی تێکدانی ژیانیان، دوور دەبن لە وەرگرتنی خۆراکی باش و بەسوود، هەروەها تەواوکەرە خۆراکیەکان وەرناگرن و لەکاتێکدا توشی نەخۆشی دەبن بە پێی پێویست چارەسەر وەرناگرن.

 

باسی لەوەکرد، ئەو کۆمەڵگایانەی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن، ئێستا ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی لەدەستدانی بەروبوومی کشتوکاڵی بوونەتەوە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی نەبوونی خۆراکی پێویست لەئەنجامدا منداڵان توشی بەدخۆراکییەکی دەبن، لە پاشان ناچاریان دەکات کار بکەن.