ژنان بەشداری سەرەکی خولە پیشەییەکانن

بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی هەڵەبجە لە ماوەی دوو ساڵی دامەزراندنیدا چەندین خولی پیشەیی کردووەتەوە و تەنها لەم ساڵیشدا ٤٥ خول کراوەتەوە، کە ژنان تیایدا بەشداری سەرەکی بوون.

هەڵەبجە

 

بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی هەڵەبجە بە پاڵپشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت-CDO خولی ڕاهێنانی پیشەی كاری دەستی و چنینی بۆ گەنجانی پارێزگای هەڵەبجە دەستی پێکرد.

 

نیگا عیزەت وەک یەکێک لە بەشداربووانی خولەکە وتی: حەزم بە کاری دەستی و چنین هەیە و دوای پڕکردنەوەی فۆڕمی بەشداری دەستم بە فێربوون کرد، حەزم لە چنینی کڵاو زەر و جلی کوردییە، بەڵام لەم خولەدا زیاتر پەرە بە کارەکانم دەدەم و لە ئێستادا فێری دیزاین دەبم.

 

نیگا عیزەت وتیشی: لەبەر ئەوەی کارێکی باشە و حەزم لێیە، بەشداریم کردووە، ئەو ژنانەشی ناتوانن ڕاستەوخۆ بەشدار بن، دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری بکەن.

 

گەشبین بایەر، مامۆستای ڕستن و چنین لە بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنان و پیشەیی هەڵەبجە وتی: خولەکە چنین و دیزانی جلوبەرگە، تا بتوانین پێکەوە کارێک بکەین و ببن بە خاوەن داهاتی سەربەخۆ و پاڵپشتی دارایی خێزان بکەن.

 

خولە بۆ ماوەی ٢ هەفتە بەردەوام دەبێت، ١٥ فێرخواز بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی بەشداری دەکەن و تیایدا ڕێگاكانی چنین و دیزاین فێری بەشداربووان دەكرێت، هەروەها چەند بابەتێكی دیكەی تایبەت بە چۆنیەتی کاری سەربەخۆ و سەلامەتی پیشەیی و یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ئاماژەی پێدەدرێت.