ژنێکی کورد لە ئەڵمانیا خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەدەستهێنا

کورتە فیلمێک لە نووسین و دەرهێنانی سۆنیا جەلیل، لە ئەڵمانیا خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەدەستهێنا، کە باس لە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

سۆنیا جەلیل زەنگەنە کورتە فیلمێکی بەناوی 'حەوت و نیو' نووسیوە کە چیرۆکی فیلمەکەی لە ڕوداوێکی راستییەوە وەرگرتووە، هەر خۆشی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، کە بووەتە براوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ.

 

کورتە فیلمەکە باس لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەکات، هەروەها دەربارەی ئەوەیە چۆن گەنجان هۆشیارتر بن بەرامبەر بە کێشەکانی پەیوەست بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییەوە

 

کورتە فیلمەکە پێشتر بەشداری لە سێ فێستیڤاڵدا کردووە، وەک لە فێستیڤاڵی "سینەما لەنیگای ژنەوە"،  کە لەسەر ئاستی هەریەک لە وڵاتانی عەرەبی عێراق، سووریا، مەغریب و لوبنان بوو، توانی لەسەر ئاستی ١٧ کورتە فیلم پلەی یەکەم و دووەم خەڵات بەدەستبهێنێت.

 

کۆتا جاریش کورتە فیلمەکە دوای بەشداریکردنی لە دیداری فیلمی کوردی ڕێ لە کۆڵن-دوورین لە ئەڵمانیا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەدەستهێنا، کە لە دیدارەکەدا هەشت کورتە فیلمی هەر چوار پارچەی کوردستان نمایشکران.

 

سۆنیا جەلیل زەنگەنە خاوەنی پێنج کورتە فیلمە، کە خودی خۆی کاری نووسینی سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ کردوون و توانیویەتی چەندین خەڵات بەدەستبهێنێت.