"ڕاگەیاندن ڕۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی چەشنە تێڕوانینە کۆنەپەرستانەکانی ژنان هەیە"

ڕۆژنامەنووس ئەمەل هەواری پێی وایە بەرەنگاربوونەوەی چەشنە کۆنەپەرستانەکان پێویستی بە هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەیە، هەروەها ڕۆژنامەگەری ڕۆڵی تێدا هەیە بە وەستاندنی بڵاوکردنەوەی ژەهری تێڕوانینە کۆنەپەرستەکان بە ناو کۆمەڵگەدا.

حەنان حارت

 

مەغریب- ژنانی مەغریبی لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا تووشی چەشنە تێڕوانینی کۆنەپەرستانە دەبنەوە، ئەمەل هەواری، ڕۆژنامەنووسی مەغریبی، پێی وایە گۆڕانکاری ئاسانە کاتێک هەوڵەکان کۆبکرێنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو خراپ بەکارهێنان و عەقڵیەتانەی، کە ڕۆڵی ژنان لە ماڵدا سنووردار دەکەن.

 

ئەمەل هەواری باسی لەوەکرد، ژنان دەخرێنە ناو چەشنە کۆنەپەرستانەکانەوە کە هەر لە منداڵییەوە بەسەریاندا دەسەپێنرێت، وتیشی: لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا کچان لە کاتی گەیشتنیان بە تەمەنی باڵق بوونەوە هاوسەرگیریان پێدەکرێت و کاری ماڵەوە دەبێتە کاری سەرەکییان، لە کاتێکدا ئێشتا لە تەمەنی یاریکردندایە، هەروەها بۆ کوڕانیش لە تەمەنێکی کەمەوە ئەرک و بەپرسیارێتی پیاوێتی دەخرێتە سەرشانیان و لەسەر بنەمای ژنان بەڕێوە دەبرێن.

 

ئەو ڕوونیشیکردەوە، "هەرچەندە ژنانی ئەمڕۆ کاردەکەن و خێزان پەروەردە دەکەن و دەچنە ناو چەند بوارێکی کردەیی و زانستییەوە، بەڵام ئەو باوەڕە بەهۆی ئەو پەروەردە کۆمەڵایەتییەی کە هێز بە پیاوان دەبەخشێت، هەر باوی ماوە و بەمجۆرەش ئەو وێنەیە چەقبەستووەی تێروانین بەرامبەر بە ژن بواری ئابوری و سیاسییەکانی گرتووەتەوە، بۆیە پێویستە هەموو یەکە و دامەزراوە و کۆمەڵگە لەگەڵ یەکتر یەکبگرن، بۆ ئەوەی هەرکاتێک هەندێک کلیپ یان ناوەڕۆکی ڕیکلاممان بینی کە بانگەشە بۆ کەرەستەی پاککەرەوە دەکەن، بۆ نموونە ژنان بە تەنیا دادەنێن وەک بابەتێک، دەبێت ئەمە ڕەت بکرێتەوە، چونکە کاری ناوماڵ کاری هاوبەشە و تەنها پەیوەست نییە بە ژنانەوە".

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە جەختی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو چەشنە تێڕوانینە چەقبەستووانە کردەوە کە لە بوارە جیاوازەکاندا بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت، "بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی چەشنە چەقبەستووەکانی ژنان دەبێتە هۆی باشترکردنی داهاتوویان".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "نابێت هەمیشە لە فیلم و میدیاکاندا ژن وەک ئاژاوەگێڕ وێنا بکرێت، هەمیشە بەدوای جیاکردنەوەی کوڕێک بێت لە دایکی، هەمیشە بیەوێت بەبێ هۆکار جیاببێتەوە، پێی باشترە پەنا بۆ دادگا ببات و هەمیشە هۆکاری هەر کێشەیەک بێت کە لە کۆمەڵگەدا ڕووبدات، پێویستە هۆشیاری کۆمەڵگە دروست بکرێت و یاسا چالاک بکرێت و بواری دەرکەوتنی ژنان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆردا بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانیان لەسەر ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە خۆیان و کۆمەڵگەوە هەیە فراوان بکرێت، دەبێت ڕۆژنامەنووسان ڕاهێنراو بن و کار لەسەر ڕەتکردنەوەی تێڕوانینی چەقبەستووی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان بکەن.