پڕۆژەی باخچەی منداڵان بۆ دایکان دەبێتە پشتگیری

پڕۆژەی باخچەی منداڵانی شەهید ئاواز یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ژنان کە بە دەرفەتەکانی نوسینگەی ژنانی شارەوانی قامیشلۆ دامەزراوە، پشتگیری دایکانی کارکەر دەکات.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ-نوسینگەی ژنانی شارەوانی قامیشلۆ بە پڕۆژەکانی نوسینگەی ژنان چەندین هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنێت، نوسینگەی ژنانی شارەوانی قامیشلۆ لە ساڵی ٢٠١٤ باخچەی منداڵانی شەهید ئاوازیان کردەوە، بۆ پشتگیریکردنی ژنانی کارمەند و خوێندکارانی دایک و منداڵان بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین، یاسەمین محەمەد، بەڕێوەبەری باخچەی منداڵانی شەهید ئاواز باسی لە فێرکردنی منداڵان بۆ خوێندن لە باخچەکە و یارمەتیدانیانی دایکانی کارمەند کرد.

 

پشتگیرییەک بوو بۆ دایکانی کارکەر

یاسەمین محەمەد باسی سەرەتای باخچەکە و ئامانجی کردنەوەی کرد و وتی: لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤، بە یارمەتی نوسینگەی ژنان، ئەم باخچەی ساوایانە دامەزرا، ئامانجمان سوود گەیاندن بوو بۆ دایکانی کارمەند بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە باخچەی خوێندن نیشتەجێ بکەین و ڕێگری بکەین لە هەر بەربەستێک لەبەردەم کار و کارکردنی ژنان، لەبەر ئەوەی زۆربەی ژنان کارمەندن و منداڵەکانیان بچوکن، ناتوانن لە ماڵەوە بەجێیان بهێڵن، کردنەوەی ئەم باخچەیە بۆ ئەوان زۆر گرنگە، لەگەڵ ئەوەشدا، پاراستنی منداڵانە لە فێربوونی شتی خراپ لە شەقامەکاندا، لە باخچە فێری خوێندنەوە، نووسین و ڕەوشتی باش دەبن.

 

"١٠٠ منداڵ لە باخچەکەدا فێری خوێندن دەبن"

یاسەمین محەمەد وتی: ١١ مامۆستا لە باخچەکەدا هەن ئاگاداری منداڵەکان دەبن و فێری خوێندنەوەیان دەکەن، ژمارەی منداڵان ١٠٠ منداڵە، ئەوان وانەی جیاواز فێر دەکەن، هەموو ڕۆژێک جۆرێکیان فێر دەکەین، نموونەی کردارییان پێدەدەین، لە هەر وانەیەکدا، ١٥ خولەکیان دەوێت بۆ پشوودان، هەندێکیان لەگەڵ هاوڕێکانیان یاری دەکەن، هەندێکیان وێنە دەکێشن، بە گشتی باخچەکە شوێنێکی زۆر گرنگ و باشە بۆ فێربوونی منداڵان، هەروەها فێرکردنی خوێندنە پێش ئەوەی بچنە قوتابخانە.

 

یاسەمین محەمەد لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتنی بۆ منداڵان خواست و وتی: پڕۆژەی زۆرمان هەیە بۆ داهاتوو، بەڵام بەم زووانە پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ باخچەی منداڵانی تەمەن چوار مانگ و سەروو،  چونکە ئەم باخچەیە لە تەمەنی سێ بۆ ۵ ساڵیدایە، هیوادارم چەندین باخچەی ساوایان لە شارەکەمان دروست بکرێن، لەبەرئەوەی زۆر گرنگە یارمەتی منداڵ و دایکان بدرێت، منداڵان فێری خوێندنەوە و نووسین و وێنەکێشانی ڕێگاکانی کۆمەڵگە و ڕەوشتی باش و زانین دەبن، پێش ئەوەی بچنە قوتابخانە ئامادە دەبن، هەروەها هیچ بەربەستێک لەبەردەم کاری دایکیاندا نابێت، هەمیشە هیوای سەرکەوتن بۆ منداڵان دەخوازم چونکە ئەوان نەوەی نوێی کۆمەڵگەکەمانن و لەسەر بیرۆکەیەکی باش و ڕەوشتێکی باش گەورە دەبن.