لە ساڵیادی ئەنفالدا پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی کرایەوە

لە ٣٦ەمین ساڵیادی ئەنفالدا یەکێتی ژنانی کوردستان پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی بە ناونیشانی "فرمێسکەکان دوای ٣٦ ساڵ بەردەوامیان هەیە" کردەوە.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، یەکێتی ژنانی کوردستان بە بۆنەی ٣٦ەمین ساڵیادی ئەنفالەوە پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی بە ناونیشانی "فرمێسکەکان دوای ٣٦ بەردەوامیان هەیە" بۆ فۆتۆگرافەر جەوهەر کانی هەنجیریی کردەوە.

 

لە پێشەنگاکە ٣٦ تابلۆ نمایشکران، گوزارشت بوون لە ئێش و فرمێسکی دایکان بۆ کەسوکار و ڕۆڵە ئەنفالکراوەکانیان، کە دوای ٣٦ ساڵ لە ئەنفال چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕووفاتەکانیانن.

 

چیا یاسین، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، باسی لە کەسوکاری ئەنفاکراوەکان کرد و وتی: دەبێت گرنگی بە لایەنی دەروونی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بدرێت، ئەمەش بە کەمکردنەوەی ئازارەکانیان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان دەبێت، بە پێی پێویست کەمتر گرنگی بە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەدرێت، بە تایبەت ژنان، پێویستە هەموو ساڵێک تەنها بە هەست و سۆز یادی کارەساتە دڵ هەژێنەکان کە بەسەر کوردا هاتووە، نەکرێنەوە، بەڵکو پێویستە سارێژی برینەکانی کەسوکارەکانیان بکرێت، هەروەها بۆ نەوەی نوێ باس بکرێت تا هۆشیار ببن و کارەساتی بەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە.

 

سەیران محەمەد، بەرێوەبەری کارگێری سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، دەربارەی کردنەوەی پێشەنگاکە وتی: ئەم پێشانگایە بە بۆنەی ٣٦ەمین ساڵیادی ئەنفالدا کراوەتەوە، تیایدا ٣٦ تابلۆ نمایشکرا کە باس لە ئازار و مەینەتییەکانی کەسوکاری ئەنفال دەکات، ژنان چەند ساڵە بەردەوام چاو بە فرمێسکن و هەمیشە لە چاوەڕوانی کەسوکاریاندان، ژنان لە ڕووداوە کارەسات باراوییەکاندا کە بەسەر گەلی کورددا هاتووە، هەمیشە قوربانی یەکەم بوون و زۆربەی ئەندامی خێزانەکانیان لەدەستداوە، ئەمەش تا ئێستا ڕەنگدانەوەی لە ژیان و گوزەرانیاندا جێهێشتووە.

 

بڕیارە پێشەنگاکە سبەینێ، ١٤ی نیسان لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ نمایش بکرێت.