"هیچ هیوایەک بۆ ژنانی ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا نییە"

ڕازیە بارکزی، چالاکوانی مافی ژنان و ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی دادپەروەر، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە وتارەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی گروپی بناژۆخوازی تاڵیبان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕازیە بارکزی، چالاکوانی مافی ژنان و ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی دادپەروەر، گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری گروپی تیرۆریستی و بناژۆخوازی تاڵیبان سەبارەت بە درێژەدان بە فەرمانە نامرۆڤانەکانی بەردبارانکردن و شەق لێدانی ژنان لەبەردەم خەڵکدا وتی: دەرفەتێک بە گروپی تیرۆریستی تاڵیبان بدەن و بیناسن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هاوبەشییەکی ئاشکرا لەگەڵ تیرۆریستان و تیرۆردا دادەنرێت.

 

ئەم چالاکوانە ئاماژەی بە لێدوانەکەی سەرۆکی تاڵیبان کرد کە گوایە ئەم گروپە هیچ لێبوردەیییەکیان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە و هیچ ڕێزێکیشیان بۆ بەها و یاساکانی مافی مرۆڤ نییە، ئەشکەنجە و لێدان و تیرۆر و ترس لە ئەفغانستان زیاتر دەبێت، بەتایبەتی دژی ژنان، هیچ هیوایەک بۆ ژنان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا نییە، بۆیە نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەم گروپەدا لە ئەفغانستان سەروەری یاسا یان ئیرادەی گەل، تەنانەت ئیرادەی مرۆڤیش هەبێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، ڕازیە بارکزی ئاماژەی بەوەدا کە تاڵیبان هەموو مافە مرۆییەکانیان قەدەغە کردووە و وتی: تاڵیبان بە ئاشکرا مافی مرۆڤ پێشێل دەکات و ژنان لە هەموو مافەکانی مرۆڤ بێبەش دەکات بە هۆی ڕەگەزەکەیەوە، لەوانەش مافی خوێندن و مافی بەشداری سیاسی و مافی چالاکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و دامودەزگاکانی دادوەری و تەنانەت هەناسەدانی ئاسوودەیی ڕەتکردووەتەوە و ئەمەش نموونەیەکی کۆنکرێتی جیاکاری ڕەگەزییە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەم ئەندامەی بزووتنەوەی ژنانی دادپەروەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئەفغانستانی وت: ئەگەر لەم کاتەدا دژی تاڵیبان یەک نەگرین بۆ ڕزگارکردنی ئەفغانستان و خەڵکی ئەفغانستان، دۆخی ئێستا مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان دەبێتە پەڵەیەک لەسەر مێژووی مرۆڤایەتی.